مایکرۆسۆفت 14, كانونی یه‌كه‌م 2019

مایکرۆسۆفت وێنۆچکەی Windows و زیاتر لە 100 ئەپی دیکەی نوێکردەوە

لە هەنگاوێکی نوێدا، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت وێنۆچکە (لۆگۆ) ـی سیستەمی Windows و دەیان ئەپی نێو سیستەمەکەی نوێکردەوە.

بۆ چەند ساڵێک دەبوو کە کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە پلانیدا بوو تاوەکو وێنۆچکەی ئەپەکانی خۆی نوێ بکاتەوە، سەرەتاش لە نوێکردنەوەی وێنۆچکەی ئەپەکانی Office ـەوە دەستی پێکرد. ئێستا وێنۆچکەی زیاتر لە 100 ئەپ و خزمەتگوزاری بە ڕەنگی ڕەنگاوڕەنگ و تێکەڵاوەوە نوێکردەوە.

وێنۆچکەی ئەپەکان بە دیزاینی Fluent Design ـی خودی مایکرۆسۆفتەوە نوێ کراونەتەوە. خاوەن ڕەنگی ڕەنگاوڕەنگ و زیاتر لە ڕەنگێکیان تێدا بەکارهاتووە.

زۆرێک لە وێنۆچکەکان، گۆڕانکاری تەواو بەسەر ناوەڕۆکیاندا نەهاتووە، تەنها ڕەنگەکەی نەبێت. بەڵام بە گشتی ڕەنگی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە تەواوکەری یەکتر لە یەکەوە نزیکن و پێویست بە کەمێک وردبوونەوە لێیان دەکات.

گرنگترین وێنۆچکەی نوێکراوە، بریتییە لە وێنۆچکەی سیستەمی کارپێکەری Windows 10، ئەمیش گۆڕانکاری لە ڕەنگەکەیدا کراوە و لەو وێنۆچکەیە ناچێت کە لە Windows 8 و نوێتردا بە شێوەیەکی سادە بەکارهاتبوو. ئەمەش لە دوای ڕاگەیاندنی سیستەمی Windows 10X دێت لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە بۆ کۆمپیوتەر و ئامێرە دووانە ڕوونماییەکان.

نوێکردنەوەی وێنۆچکەی ئەپەکان لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە بە دیزاینی Fluent Design تاوەکو ساڵی داهاتوو بەردەوامی دەبێت و وێنۆچکەی ئەپی زیاتری کۆمپانیاکە دەگرێتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ