ئامێرە هەمەجۆرەکان
15, کانوونی یەکەم 2019
فرۆشی دەستبەندە وەرزشییەکان لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا 65% گەشەی کردووە و شاومی لە پلەی یەکەمدایە

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، پێگەی IDC شیکارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە تایبەتی باشی گەشەسەندنی کاتژمێری زیرەکی ئەپڵی کردبوو لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا لە بازاڕەکانی جیهاندا. ئەمجارە شیکارییەکی گشتگیر بۆ دەستبەند و کاتژمێرە زیرەکەکان بوونی هەیە.
پێگەی Canalys لە نوێترین ڕاپۆرتیدا شیکاری بۆ دەستبەندە وەرزشی و کاتژمێرە زیرەکەکان و جۆرەکانی دیکەی دەستبەند کردووە بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە شاومی پلەی یەکەمی لە ڕیزبەندییەکەدا گرتووە و توانیویەتی 12.2 ملیۆن دانە دەستبەند بفرۆشێت و ڕێژەی 27% ـی لیستەکە پێک دەهێنێت، هەروەها بە ڕێژەی 74.4% لە چاو ساڵی ڕابردووەوە گەشەی کردووە. ئەپڵیش لە پلەی دووەمی ڕیزبەندییەکەدایە و ڕێژەی 15% ـی لیستەکە پێک دەهێنێت، ئەمەش لە دوای بەردەستکردنی زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch لە مانگی 9 ـی ئەمساڵدا.

هواوەی لە سێیەمی ڕیزبەندییەکەدایە و 5.9 ملیۆن یەکەی لە دەستبەندەکانی خۆی فرۆشتووە و ڕێژەی 13% ـی لیستەکە پێک دەهێنێت. هەرچی دەربارەی Fitbit و سامسۆنگە، لە پلەکانی چوارەم و پێنجەمدان و ڕێژەی 13% و 8% ـی لیستەکە پێک دەهێنن.
لە ئاستی ئەمریکادا، ئەپڵ پلەی یەکەمی گرتووە لە فرۆشی کاتژمێرە زیرەکەکان (لە شیکارییەکەدا وەکو دەستبەند هەژمار کراوە). Fitbit و سامسۆنگ پلەی یەکەمی فرۆشیان لە کیشوەری ئاسیا (بێجگە لە چین) گرتووە و شاومیش بێ ڕکابەرانە پێشەنگی چینی گرتووە لە فرۆشی دەستبەندە وەرزشییەکان لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا.

ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.