ئەپڵ 20, كانونی یه‌كه‌م 2019

دەنگۆ: ئەپڵ گەشە بە تەکنەلۆژیای مانگی دەستکردی تایبەت بە ئامێرەکانی دەدات

ڕاپۆرتێکی نوێ لە لایەن پێگەی Bloomberg ـەوە ئاشکرای دەکات کە ئەپڵ کار لەسەر گەشەپێدانی تەکنەلۆژیای مانگی دەستکردی تایبەت بە ئامێرەکانی دەکات.

پێدەچێت ئەم تەکنەلۆژیای مانگە دەستکردەی ئەپڵ لە ماوەی کەمتر لە 5 ساڵی داهاتوودا تەواو ببێت. زۆر شت لەسەر ئەم پڕۆژەیەی ئەپڵ نادیارن، بەڵام دەزاندرێت کە جارێ لە سەرەتادایە و ڕەنگە لە داهاتوودا وازی لێ بهێندرێت. هەروەها ڕوون نییە کە ئامانج لە درووستکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە لە لایەن ئەپڵەوە بۆ چی دەگەڕێتەوە، یاخود ئەپڵ مانگەکە لە لایەن خۆیەوە بەڕێوە دەبات یان زانیاری لە مانگی دەستکردی دیکەوە وەردەگرێت.

هەبوونی مانگێکی دەستکرد لە لایەن ئەپڵەوە، بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی ئەپڵ سوودمەند دەکات لە چەندین شت، بۆ نموونە؛ ڕەنگە خزمەتگوزاری نەخشەکان و پێوانەکردنی شوێن باشتر بکات، ئینتەرنێتی تایبەت بۆ ئامێرەکانی دابین بکات، یاخود ببێتە هۆی سەربەخۆ کردنی ژمارەیەک لە کۆمپانیا پەیوەندییەکان.

Bloomberg دەڵێت کە ئەم پڕۆژەیەی ئەپڵ لە ئێستادا لە لایەن دەرزەنێک ئەندازیارەوە کاری لەسەر دەکرێت، هەروەها لە لایەن هەردوو ئەندازیارانی تایبەت بە تەکنەلۆژیای کەشتییە ئاسمانییەکان، Michael Trela و John Fenwick ـەوە ڕابەرایەتی دەکرێت.

ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە بەگومانن، بەڵام ئەپڵ تاکە کۆمپانیا نییە کە خواستی لەسەر درووستکردنی مانگی دەستکردی تایبەت بە خۆی هەبووە. هەردوو کۆمپانیاکانی SpaceX و Amazon ـیش کار لەسەر گەشەپێدانی دەیان هەزار مانگی دەستکرد دەکەن تاوەکو بتوانن لە داهاتوودا خزمەتگوزارییەکی باشتری ئینتەرنێت بۆ بەکارهێنەرانی جیهان بەردەست بکەن.

گەرچی ئەم پڕۆژەیەی ئەپڵ شکست بهێنێت یاخود سەرکەوتوو بێت، Bloomberg دەڵێت کە تیم کوک، بەڕێوەبەری گشتی ئەپڵ خواستی خۆی لەسەر پڕۆژەکە ئاشکرا کردووە و بڕی 16 ملیار دۆلاری بۆ گەشەپێدانی تەرخان کردووە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ