10
کۆمپیوتەر 6, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Acer لاپتۆپەکانی Spin ـی بە چیپەکانی نەوەی دەیەمی Intel ـەوە نوێکردنەوە

پێشانگای CES 2020 دەستیپێکرد، ئیدی کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی چڕ بەرهەمەکانیان لە پێشانگاکەدا نمایش دەکەن. ئێمەش هەوڵ دەدەین گرنگترین بەرهەمە نمایشکراوەکانی پێشانگاکەتان بخەینە بەردەست. لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگاکەدا، کۆمپانیای Acer لاپتۆپەکانی Spin ـی بە چیپەکانی نەوەی دەیەمی Intel ـەوە نوێکردنەوە.

لاپتۆپە نوێکراوەکانی زنجیرەی Spin بریتین لە Spin 3 و Spin 5، بە چیپەکانی نەوەی دەیەمی Ice Lake ـی کۆمپانیای Intel بەهێز کراون. ڕوونمای هەر دوو لاپتۆپەکە لە توانایاندا هەن 360 پلە بجوڵێندرێن. قەڵەمی زیرەکی Acer Active Stylus ـیان لەگەڵدایە کە دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە تێبینییەکان لەسەر ڕوونماکانیان بنەخشێندرێن.

لاپتۆپی Spin 5 گرانبەهاترینە، سوپاس بۆ ڕوونما وردییە نیشاندانە زۆرەکەی و پڕۆسێسەرە بە تواناکەی. ڕوونماکەی قەبارەی 13.5 ئینجە بە وردی نیشاندانی 2256 بە 1504 پێکسڵ و چێوەی 3:2. بژاردەی پڕۆسێسەری Intel Core i7 و Core i5 ـی لێ بەردەست دەبێت. خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 16 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکیش بە قەبارەی 1 تێرابایت لە جۆری NVMe. کۆمپانیای Acer دەڵێت، دەبێت پاتری لاپتۆپەکە تاوەکو 15 کاتژمێر بەرگە بگرێت، هەروەها پشتگیری لە بارگاویکردنەوە بە توانای 56 وات/کاتژمێر دەکات.

دەرچەکانی نایابن، خاوەن 2 دانە دەرچەی نەوەی یەکەمی USB 3.1 و دەرچەیەکی 3.5 ـی بیستۆک و HDMI 2 و microSD ـە، هەروەها خاوەن 2 دانە دەرچەی دیکەیە لە جۆری Thunderbolt 3.

هەرچی دەربارەی لاپتۆپی Spin 3 ـە، خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 14 ئینج، ڕوونی کەمترە و 1080 پێکسڵە و چێوەکەشی 16:9 دەبێت. بژاردەی Core i5 و i3 بۆ پڕۆسێسەرەکەی بەردەست دەبێت. خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 16 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکیش بە قەبارەی 1 تێرابایت. لاپتۆپەکە تەنها خاوەن یەک دانە دەرچەی Thunderbolt 3 دەبێت و پاترییەکەشی بەرگەی تاوەکو 12 کاتژمێر دەگرێت.

لە ڕاستیدا، هەردوو لاپتۆپە نوێیەکە بە کارتە گرافیکییەکانی Intel ـەوە بەهێز دەکرێن، بەمەش دەتوانرێت سوودیان لێ ببیندرێن بۆ یاریکردن، بەڵام ڕوونمای لاپتۆپەکان زیاتر باشترن بۆ نووسینی تێبینی و نەخشاندنەکان.

لاپتۆپی Acer Spin 5 لە مانگی 6 ـی ئەمساڵ لە باکووری ئەمریکا بە نرخی دەستپێکی 899$ ـەوە بەردەست دەکرێت، هەروەها لاپتۆپی Acer Spin 3 ـیش لە مانگی 4 ـی ئەمساڵ لە باکووری ئەمریکا بە نرخی دەستپێکی 699$ ـەوە بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ