هەواڵ 21, كانونی دووه‌م 2020

خزمەتگوزاری پەخشکەری +Disney لە ژمارەیەک وڵاتی دیکە بەردەست دەکرێت

لە دوای ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاری پەخشکەری +Disney ـی تایبەت بە فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییە جیهانییەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا، خزمەتگوزارییەکە لە ژمارەیەک وڵاتی دیکەدا بەردەست دەکرێت.

کۆمپانیای The Walt Disney ـی خاوەن خزمەتگوزاری پەخشکەری +Disney ڕایگەیاند کە لە ڕێکەوتی 24 ـی مانگی 3 ـدا خزمەتگوزارییەکە لە هەریەکە لە بەریتانیای مەزن، ئێرلەندا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، نەمسا و سویسڕا بەردەست دەکات، ئەمەش هەفتەیەک زووترە لە ڕێکەوتی بەردەستکردنی ڕاستەقینەی لەو وڵاتانەی ئەوروپای ڕۆژئاوادا کە 31 ـی مانگی 3 بوو. خزمەتگوزارییەکە بە نرخی بەژداریکردنی مانگانەی 5.99£/6.99€ و بە نرخی بەژداریکردنی ساڵانەی 59.99£/69.99€ ـە لەو وڵاتە ناوبراوانەدا بەردەست دەکرێت.

لە ئێستادا خزمەتگوزاری +Disney لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و هۆڵەندا بەردەستە و لە داهاتوودا بۆ زۆرینەی وڵاتانی دیکەی جیهان بەردەست دەکرێت. چاوەڕوان ناکرێت لە داهاتوودا لە عێراق و ناوچەکانی دەوروبەری بەردەست بکرێت.

خزمەتگوزاری +Disney خزمەتگوزارییەکەی پەخشکەرە و تایبەتە بە سەیرکردنی فیلم و زنجیرە نوێیە جیهانییەکان، لە نێو خزمەتگوزارییەکەدا زیاتر لە 500 فیلمی جۆراوجۆر و زیاتر لە 7,500 زنجیرەی جۆراوجۆر بوونیان هەن. وە لە داهاتوودا ژمارەی فیلم و زنجیرەکانی نێوی ڕوو لە زیادبوون دەکەن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ