ئەپ و نەرمەکاڵا
23, كانونی دووهم 2020
مایکرۆسۆفت ئامرازی نیشاندانی پێشەکی بۆ گەشەپێدەران تایبەت بە مۆبایلی دووانە ڕوونمای Surface Duo بەردەستکرد
لە مانگی 10 ـی ساڵی ڕابردوودا، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت تابلێتی دووانە ڕوونمای Surface Neo و مۆبایلی دووانە ڕوونمای Surface Duo ـی ڕاگەیاندن. بە هۆی نزیکبوونەوەی ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی دووانە ڕوونمای Surface Duo، مایکرۆسۆفت ئامرازێکی تایبەتی بە گەشەپێدەران بەردەستکرد.
ئەمڕۆ، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ئامرازی نیشاندانی پێشەکی SDK ـی بە هەبوونی پێکهێنەر (Framework) ـی Java ـەوە بۆ گەشەپێدەران بەردەستکرد. لە ڕێگەی ئەو ئامرازەوە، گەشەپێدەرانی Android دەتوانن ئەپەکانیان لەگەڵ ڕوونماکانی مۆبایلی دووانە ڕوونمای Surface Duo ـدا بگونجێنن. مایکرۆسۆفت جۆرەکانی ڕێکخستنی بنەماکانیشی لەگەڵ ڕوونماکاندا بۆ گەشەپێدەران ڕوون کردۆتەوە و ئەپەکان دەتوانرێت پشتگیری لە کرداری گواستنەوە و دانان (Drag and Drop) بکەن.
بە شێوەی بنچینەیی، ئەپەکان لە ڕوونماکانی مۆبایلەکەدا پڕاوپڕ دەردەکەون و دەتوانرێت دۆخە جیاوازەکانی بۆ بەکاربهێندرێن، هەروەها بژاردەیەک بەردەستە بۆ خستنە باری هەردوو ڕوونماکە بۆ ستوونی یاخود ئاسۆیی لە یەک کاتدا.
ئەمە شێوازی بەکارهێنانی ئەپەکانە لە مۆبایلی دووانە ڕوونمای Surface Duo ـدا :
ئامرازەکە دەتوانرێت لێرەوە بدۆزرێتەوە. وا بڕیارە لە مانگی داهاتوودا ئامرازی نیشاندانی پێشەکی بۆ تابلێتی دووانە ڕوونمای Surface Neo بۆ گەشەپێدەران بەردەست بکرێت.
وا بڕیارە هەردوو ئامێرە دووانە ڕوونمایەکان لە هاوینی ئەمساڵدا لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەست بکرێن.
کۆمپانیاکانی Dell و HP و Lenovo و Asus کار لەسەر درووستکردنی ئامێری دووانە ڕوونما و چەماوەیی کارکردوو بە Windows 10X دەکەن. لە سەرەتاکانی ئەم مانگەشدا، کۆمپانیای Lenovo لاپتۆپی چەماوەیی ThinkPad X1 Fold ـی بە سیستەمی Windows 10X ـەوە ڕاگەیاند.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.