10
مایکرۆسۆفت 28, كانونی دووه‌م 2020

لە دوای چەند ڕۆژێک لە وەستاندنی پشتگیری لێی، مایکرۆسۆفت وەشانێکی نوێ ڕەوانەی Windows 7 دەکات

لە ناوەڕاستەکانی ئەم مانگەدا، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند کە چیدیکە پشتگیری لە سیستەمی کارپێکەری Windows 7 ناکات، بەو مانایەی کە کۆمپانیاکە چیدیکە وەشانی نوێی ئاسایشی و چارەسەرکەر ڕەوانەی بەکارهێنەرانی سیستەمە کارپێکەرەکە ناکات. بەڵام کێشەیەک لە سیستەمەکەدا، مایکرۆسۆفت ناچار دەکات کە وەشانێکی نوێی بۆ ڕەوانە بکات.

لە دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێکی کەم بەسەر وەستاندنی پشتگیری مایکرۆسۆفت لە سیستەمی Windows 7، کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە کێشەیەک لە وەشانی KB4534310 ـی سیستەمی Windows 7 ـدا بوونی هەیە و دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هەندێک جار پاشبنەماکانی سەر ڕوونما ببن بە ڕەش لە کاتی گۆڕینی قەبارەیان بۆ پڕاوپڕ، پڕ یاخود ناوەڕاست. هەر بۆیە کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە وەشانێکی چارەسەرکەر ڕەوانەی بەکارهێنەرانی Windows 7 دەکرێت و ڕەنگە ببێتە دواین وەشانی سیستەمەکە.

کێشەکە بێزارکەرە، هەر لەبەر ئەمەیە کە مایکرۆسۆفت وەشانێکی نوێ ڕەوانەی سیستەمەکە دەکات بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە. کۆمپانیاکە دەبووایە کارکردنی لەسەر سیستەمەکە بوەستانبایە، بە هۆی ئەوەی کە پشتگیری خۆی لێ ڕاگرتووە.

مایکرۆسۆفت پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە بەرامبەر بڕێک پارەی ساڵانەدا، وەشانی ئاسایشی و چارەسەرکەر ڕەوانەی کەرتە پەروەردەیی و بازرگانییەکان دەکات، بەڵام وا دیارە بیرکردنەوەی گۆڕیوە و دەڵێت ئەم وەشانە چارەسەرکەرە ڕەوانەی سەرجەم بەکارهێنەرانی Windows 7 و Windows Server 2008 R2 SP1 دەکرێت.

ڕێکەوتی ڕەوانەکردنی وەشانە چارەسەرکەرەکەی Windows 7 نەزاندراوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ