ئەپڵ 29, كانونی دووه‌م 2020

چارەکی چوارەمی ساڵی 2019 پڕ داهاتترین چارەک بووە لە مێژووی ئەپڵدا

لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، کۆمپانیای ئەپڵ داهاتی چارەکی چوارەم و کۆتایی ساڵی 2019 (چارەکی یەکەمی دارایی 2020) ـی خۆی بڵاوکردەوە، هاوکات داهاتی ئەو چارەکە ژمارەی پێوانەیی داهاتی کۆمپانیاکەی تۆمار کرد.

بە پێی ئەپڵ بێت، داهاتی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی پار ساڵدا، بڕی 91.8 ملیار دۆلار بووە و بڕی قازانج 22.2 ملیار دۆلار بووە، بەمەش ئەو چارەکە بووە پڕ داهاتترین چارەکی ئەپڵ. لە کاتێکدا کە داهاتی کۆمپانیاکە لە هەمان چارەکی ساڵی پێشوودا، گەیشتبووە 84.3 ملیار دۆلار.

لە ساڵی پارەوە، کۆمپانیای ئەپڵ ژمارەی یەکە فرۆشراوەکانی ئامێرەکانی لە چارەکەکانی ساڵدا بڵاو ناکاتەوە، بەڵام ئاماژە بە بڕی پێکهێنانی داهات بۆ ئامێرەکان دەکات. ئەمانە ئەو ئامێر و خزمەتگوزارییانەن کە بڕی داهاتی چارەکی یەکەمی دارایی ئەمساڵ و چوارەمی پار ساڵی ئەپڵیان پێکهێناوە:

  • iPhone: بڕی 55.96 ملیار دۆلار.
  • ڕاژەکان: بڕی 12.72 ملیار دۆلار.
  • Mac: بڕی 7.16 ملیار دۆلار.
  • دەستبەند، ئێکسسوارات و ئامێرەکانی دیکە: بڕی 10.01 ملیار دۆلار.
  • iPad: بڕی 5.98 ملیار دۆلار.

داهاتی دارایی چارەکی یەکەم، مانگەکانی 10 و 11 و 12 ـی ساڵی پێشوو پێک دەهێنێت، هەروەها پشووەکانی ساڵیش دەکەونە ئەو مانگانەوە و ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە داهاتی کۆمپانیاکان بە گشتی و ئەپڵ بە تایبەتی بگەنە بەرزترین ئاست.

هەریەکە لە خزمەتگوزارییە نوێیەکانی Apple Arcade و +Apple TV، وای کرد کە ئەپڵ داهاتی ڕاژەکان جیا بکاتەوە لە داهاتی ئامێر و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ