ئای ئۆ ئێس 29, كانونی دووه‌م 2020

ژمارەی ئامێرە چالاکەکانی ئەپڵ گەیشتە 1.5 ملیار ئامێر و نزیکەی 80% ـی ئایفۆن و ئایپادەکان لەسەر iOS 13 کار دەکەن

لە دوای ئەوەی ئەپڵ داهاتی چارەکی چوارەمی ساڵی 2019 ـی خۆی بڵاوکردەوە، ئێستا دەربارەی ژمارەی ئامێرە چالاکەکانی ئەپڵ و زیاتر دەزانین.

کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە لە چارەکی چوارەمی پار ساڵدا، داهاتیان بڕی 91.8 ملیار دۆلار بووە و بڕی قازانجیش 22.2 ملیار دۆلار بووە. ساڵی پار، کۆمپانیاکە ڕایگەیاند 1.4 ملیار ئامێری چالاکیان هەیە لە جیهاندا، لەو ژمارەیەش ئایفۆنەکان 900 ملیۆنی پێکهێنا. لەگەڵ بڵاوکردنەوەی داهاتی چارەکی کۆتایی پار ساڵدا، ئەپڵ ڕایگەیاند کە لە ئێستادا 1.5 ملیار ئامێری چالاکیان هەیە.

ئەپڵ نەیگوت کە لەو ژمارەیە، ئایفۆنەکان چەند پێکدەهێنن، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ژمارەی ئایفۆنە چالاکەکان بۆ 1 ملیار بەرز بووەتەوە.

هەروەها لە ماڵپەڕی گەشەپێدانی خۆی، کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە ئەو ئایفۆن و ئایپادانەی لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیاندراون، نزیکەی 80% ـیان لەسەر وەشانی نوێی iOS 13 کار دەکەن.

بۆ سەرجەم ئایفۆنەکان، iOS 13 لەسەر 70% ـیان جێگیر بووە، هەروەها بۆ هەموو ئایپادەکانیش، iPadOS 13 لەسەر 57% ـیان جێگیر بووە. مانگی 10 ـی پار ساڵ تەنها 50% ـی سەرجەم ئایفۆنەکان وەشانی iOS 13 ـیان لەسەر جێگیر ببوو و 33% ـی ئایپادەکانیش وەشانی iPadOS 13 ـیان لەسەر جێگیر ببوو.

زیاتر بخوێنەوە:

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ