هەواڵ 31, كانونی دووه‌م 2020

هواوەی پێش ئەپڵ کەوتەوە و بووە دووەم پڕفرۆشترین فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان لە جیهاندا

بە پێی ڕاپۆرتێکی شیکاری نوێی پێگەکانی Strategy Analytics و Counterpoint Research و Canalys بێت، کۆمپانیای هواوەی لە ساڵی ڕابردوودا دووەم پڕفرۆشترین کۆمپانیا بووە لە فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکاندا، بەمەش پێش ئەپڵ کەوتەوە و پلەی دووەمی بە کۆمپانیاکە چۆڵ کرد.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی پێگە ناوبراوەکان بێت، کۆمپانیای سامسۆنگ بە فرۆشتنی نزیکەی 300 ملیۆن مۆبایلی زیرەک لە ساڵی ڕابردوودا، لە پلەی یەکەمدا ماوەتەوە. هواوەیش بە فرۆشتنی زیاتر لە 240 ملیۆن مۆبایلی زیرەک، هاتە پلەی دووەم و شوێنی بە ئەپڵ چۆڵ کرد. هەرچی دەربارەی ئەپڵە، لە پلەی دووەمەوە هاتۆتە سەر سێیەم و توانیویەتی لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 200 ملیۆن مۆبایل بفرۆشێت. شاومی و ئۆپۆش لە پلەکانی چوارەم و پێنجەمدان.

دەربارەی ئەم بازدانەی هواوەی لە پلەی سێیەمەوە بۆ دووەم، بە تەواوی سەرسامکەرانەیە، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆرە حکومەتی ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر کۆمپانیاکە سەپاندووە و ڕێگەی نادرێت مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا بکات، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە هواوەی لە گەشەکردن بوەستێنێت.

هەرچەندە چارەکی چوارەمی ساڵی ڕابردوو بە پڕداهاتترین چارەک لە مێژووی ئەپڵ هەژمار کرا، بە هۆی ئەوەی قازانجی کۆمپانیاکە لەو چارەکەدا 91.8 ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەمە یارمەتی ئەپڵی نەدا تاوەکو لە پلەی دووەمدا بمێنێتەوە.

پێگەی Canalys نەیشاردۆتەوە کە ڕەنگە ئەمساڵ ساڵی هواوەی بێت و پلەی یەکەم بە سامسۆنگیش چۆڵ بکات.

بۆچونی تۆ