10
فەیسبووک 12, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

فەیسبووک خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیکترۆنی Facebook Pay ـی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ کۆمپانیای فەیسبووک خزمەتگوزارییەکی نوێی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ژێر ناوی Facebook Pay ـدا ڕاگەیاند.

خزمەتگوزاری Facebook Pay خزمەتگوزارییەکی نوێی پارەدانی ئەلیکترۆنی کۆمپانیای فەیسبووکە و تایبەتە بە ئاڵوگۆڕپێکردنی پارە و کڕینی شتەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی. خزمەتگوزارییەکە لە نێو هەریەکە لە ئەپەکانی Facebook و Messenger و Instagram و WhatsApp ـدا بەردەست دەکرێت. خزمەتگوزارییەکە بە تایبەتی دیزاین کراوە بۆ کرداری ئاڵوگۆڕکردنی پارە بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە خزمەتگوزاری و ئەپەکانی سەر بە کۆمپانیای فەیسبووک.

فەیسبووک دەڵێت خزمەتگوزارییە نوێیەکە بەکاردێت بۆ ناردنی پارە بۆ هاوڕێیان، کڕینی شتومەکەکان، کڕینی تیکتی بۆنەکان، ئەنجامدانی کڕینەکانی ناو ئەپ و بەخشینی پارە بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان.

خزمەتگوزارییەکە خاوەن بەشێکی تایبەت دەبێت لە ئەپەکانی فەیسبووکدا. پشتگیری لە کارتە بانکییەکان و خزمەتگوزاری بانکی ئەلیکترۆنی PayPal دەکات.

کۆمپانیاکە لە پلانیدایە لەم هەفتەیەدا دەست بکات بە بەردەستکردنی خزمەتگوزارییەکە بۆ بەکارهێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام بە تەواوی ئاماژەی بە ڕێکەوتی بەردەستکردنی نەداوە. فەیسبووک دەڵێت بە پێی کات خزمەتگوزارییەکە بۆ بەکارهێنەری زیاتر لە جیهاندا بەردەست دەکرێت، هەر بۆیە وا دیارە بە تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەردەست ناکرێت.

خزمەتگوزاری Facebook Pay بەشێک دەبێت لە دراوی ئەلیکترۆنی Libra و جزدانی ئەلیکترۆنی Calibra ـی کۆمپانیای فەیسبووک کە وا بڕیارە بەمنزیکانە ڕابگەیەندرێن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ