ئامێرە هەمەجۆرەکان 6, شوبات 2020

ئەپڵ نەوەیەکی نوێ لە ئامێری Apple TV بەردەست دەکات

بە پێی پێگەی 9to5Mac بێت، پێدەچێت ئەپڵ بەم نزیکانە نەوەیەکی نوێ لە ئامێری Apple TV بەردەست بکات.

پێگەکە لە وەشانی تاقیکاری tvOS 13.4، کە دوێنێ بەردەستکرا بۆ گەشەپێدەران، کۆدی نوێی “T1125” ـی بەدی کردووە کە ئاماژە بە ناوی ئامێرێکی نوێی Apple TV دەکات، لە کاتێکدا کە کۆدی Apple TV 4K ـی ئێستا “J105a” ـە و جۆرە HD ـییەکەی “J42d” ـە. بە پێی ئەوە کە کۆدەکە بە پیتی T دەستی پێ کردووە، پێدەچێت لە سەرەتای گەشەپێداندا بێت و ماوەیەکی پێ بچێت تاوەکو بەردەست دەکرێت.

پێگەکە دڵنیا نییە لە تایبەتمەندییەکانی Apple TV ـە نوێیەکە، بەڵام پێشبینی دەکەن پڕۆسێسەری A12 یاخود A13 Bionic ـی لەسەر جێگیر ببێت و پشتگیری لە ڕوونی تاوەکو 4K و HDR بکات.

کۆتا نەوەی ئامێری Apple TV کە بەردەست کرا، Apple TV 4K بوو لە ساڵی 2017 ـدا بە هەبوونی پڕۆسێسەری A10X ـەوە.

لە ئێستادا، بەردەستکردنی Apple TV ـییەکی نوێ، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەپڵ. لەبەر ئەوەی ساڵی ڕابردوو ئەپڵ خزمەتگوزارییەکانی Apple Arcade ـی تایبەت بە یاریکردن و Apple TV Plus ـی تایبەت بە فیلم و زنجیرە جیهانییەکانی بەردەستکردن.

بەداخەوە، پێگەی 9to5Mac ئاشکرای نەکردووە کە ئاخۆ ئەپڵ گۆڕانکاری لە کۆنتڕۆڵی Apple TV ـە نوێیەکە دەکات یاخود نا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ