مۆبایل و تابلێت 18, ئازار 2020

وێنەکانی مۆبایلی Motorola Edge بە هەبوونی لێواری چەماوەییەوە دزەیان پێکرا

ژمارەیەک وێنەی مۆبایلی نوێی ڕانەگەیەندراوی Motorola Edge دزەیان پێکرا و لە لایەن پێگەی XDA-Developers ـەوە بڵاوکرانەوە. هەر لەگەڵ وێنەکاندا، گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکەش دزەیان پێکرا.

لە وێنەکاندا دەرکەوێت کە مۆبایلی Motorola Edge خاوەن ڕوونمایەکی نیمچە پڕاوپڕ دەبێت بە هەبوونی چاڵ لە ژێریدا، ئەوەی مۆبایلەکە کەمێک جیاواز دەردەخات، لێوارە چەماوەییەکانی ڕوونماکەیەتی، کە دەیەوێت دووبارە ئەو شێوازە بگەڕێنێتەوە بۆ ناو مۆبایلەکان.

قەبارەی ڕوونماکەی 6.67 ئینج دەبێت بە ڕوونی 1080 پێکسڵ و چێوەی 19.5:9 و خێرایی نوێبوونەوەی 90 هێرتز، کامێرایەک بوونی دەبێت لەسەر چاڵی ژێر ڕوونماکەی بە ڕوونی 25 مێگاپێکسڵ و هەستەوەری پەنجەمۆریش هەر لە ژێر ڕوونماکەیدا جێگیر دەکرێت. وە لە پشتەوە خاوەن 4 دانە کامێرا دەبێت بە ڕوونییەکانی 64 و 16 و 8 مێگاپێکسڵ و کۆتا دانەیانی لە جۆری Laser Autofocus دەبێت.

لە ناوەوە، خاوەن پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 765 و ڕامی 6 گێگابایت و بیرگەی 128 گێگابایت و پاترییەک دەبێت بە توانستی 4,500 ملی ئەمپێر. پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێوایەر ناکات و پێناچێت پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G ـیش بکات.

پێگەکە پێشتر ئاشکرای کردبوو کە لە هەمان کاتدا مۆبایلی Motorola Edge Plus ـیش بەڕێوەیە. وا بڕیاربوو Motorola ئەم مۆبایلە لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل MWC 2020 نمایش بکات، بەڵام ئەوە بوو کۆنگرەکە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ئەمساڵ ئەنجام نەدرا و ڕێکەوتی بەردەستکردنی ئەم مۆبایلەش بە نادیاری ماوەتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ