ئەپڵ 6, ئازار 2020

ئەپڵ ڕووبەڕووی کەمی پارچە چاککەرەوەکانی ئایفۆنەکان دەبێتەوە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە

لەگەڵ بەردەوامبوونی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان یەکەم کۆمپانیاکان دەبن کە ڕووبەڕووی زەرەر و قەیرانەکان دەبنەوە، ئاشکرایە کە ئەپڵیش یەکێکە لەو کۆمپانیایانە.

فەرمانبەرێکی یەکێک لە کۆگا سەرەکییەکانی ئەپڵ، بە پێگەی Bloomberg ـی ڕاگەیاندووە کە ئەپڵ هۆشداری داوە بە سەرجەم کارمەندەکانی کە ڕووبەڕووی کەمی پارچە چاککەرەوەکانی ئایفۆنەکان دەبنەوە، هەروەها کۆمپانیاکە بە کارمەندە پاڵپشتیکارە تەکنیکییەکانیشی ڕاگەیاندووە کە ئەو ئایفۆنانەی بە قورسی شکاون، ناتوانرێن تاوەکو 2 بۆ 4 هەفتەی دیکە بە هۆی ئەو قەیرانەوە چاک بکرێنەوە کە ڕووبەڕووی کۆمپانیاکە بووەتەوە. پشکی شێر لەم قەیرانە بەر زنجیرە مۆبایلەکانی iPhone 11 دەکەوێت.

بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایات کە ئەگەر ئایفۆنەکەت شکا بژاردەی دیکەت لەبەر دەست نەبێت، Bloomberg دەڵێت ئەپڵ فەرمانبەرەکانی سەرپشک کردووە تاوەکو ئایفۆنێکی جێگرەوە بدەن بە بەکارهێنەران تاوەکو ئایفۆنەکەی خۆیان چاک دەکرێتەوە.

هەروەها Bloomberg گوتوویەتی کە ئەپڵ زۆرینەی ئەو کۆگا فەرمییانەی خۆی لە وڵاتی چین کردووەتەوە کە بە هۆی ڤایرۆسی COVID-19 لە ماوەی ڕابردوودا دایخستبوون، ئەمەش ڕەنگە ئاماژەیەکی باش بێت بۆ ئاسایی بوونەوەی شتەکان لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا.

ئەپڵ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکەن داهاتی چارەکی دووەمی ئەمساڵیان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەگاتە ئاستی پێشبینییەکان، ئەوەشی گوتبوو کە بەرهەمهێنانی ئایفۆنەکان بۆ ماوەیەکی کاتی سنووردار کراوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ