ئەپڵ 11, ئازار 2020

دەنگۆ: ئەپڵ پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی بۆنەیەکی تایبەت لەم مانگەدا هەڵوەشاندەوە

یەکێک لە قوربانییەکانی دەستی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و بۆنە و کۆنگرەکانیانن. دەگوترێت ئەپڵ پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی بۆنەیەکی تایبەت کە وا بڕیار بوو لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت، هەڵوەشاندەوە.

پێگەی Cult of Mac ڕایگەیاندووە کە سەرچاوەیەکی نەناسراو لە کۆمپانیای ئەپڵەوە پێی ڕاگەیاندووە ئەپڵ پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی بۆنەیەکی میدیایی تایبەت هەڵوەشاندەوە کە وا بڕیار بوو لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تەشەنەکردنە ئێجگار زۆرەکەی ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە کۆرۆنا لە ئەمریکا و جیهاندا.

هاوکات بەشێکی هەڵوەشاندنەوەی ئەم بۆنەیەی ئەپڵ، بە هۆی بڕیارێکی فەرمانگەی تەندرووستی وڵاتی سانتا کلارای کالیفۆڕنیا بوو، کە تاوەکو مانگی داهاتوو ڕێگە بە ئەنجامدانی هیچ کۆبوونەوە و بۆنە و کۆنگرەیەک لە وڵاتەکەدا نادات، بارەگای سەرەکی ئەپڵیش لە نێو سنووری وڵاتەکەدایە.

تەنانەت ئەپڵ بە فەرمی ئەنجامدانی ئەو بۆنەیەی ڕانەگەیاندبوو و بانگهێشتنامەشی بۆ میدیاکاران نەناردبوو، هەروەها دەگوترێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە ڕێگر لە بەرهەمهێنانی بەشێکی ئەو بەرهەمە نوێیانەی ئەپڵ کە وا بڕیار بوو لەم مانگەدا نمایش بکرێن.

پێشبینی دەکرا ئەپڵ لە بۆنەیەکی تایبەت لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا ژمارەیەک ئامێر نمایش بکات، لەوانە iPhone 9 و ئامێری Apple Tags و ئایپادی نوێ و بارگاویکەرەوەی بێوایەر و زیاتر.

بەشێکی زۆر لە کۆنگرە تەکنەلۆژییەکانی ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشانەوە، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە Google I/O 2020 و Facebook F8 و MWC 2020 و SXSW 2020.

ڕوون نییە کە ئەپڵ بۆنەکە بە شێوەی سەرهێڵی بە ئەنجام دەگەیەنێت یاخود نا.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا چارەنووسی ئەنجامدانی کۆنگرەی گەشەپێدانی جیهانی WWDC 20 ـی ئەمساڵی ئەپڵ نادیارە، کە بە گرنگترین بۆنەی تەکنەلۆژی ساڵ هەژمار دەکرێت.

سەرچاوە iDownloadBlog
بۆچونی تۆ