گەرمترین 7, ئازار 2020

ڤیستیڤاڵی SXSW 2020 بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ئەمساڵ هەڵوەشایەوە

ڤیستیڤاڵی SXSW ـی ساڵانەی تایبەت بە تەکنەلۆژیا و میوزیک و فیلم لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا، بۆ ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشایەوە و ئەنجام نادرێت. ئەمە دواین قوربانی دەستی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنایە. ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بەر لە هەفتەیەک لە دەستپێکردنی ڤیستیڤاڵەکە دێت.

ڤیستیڤاڵی SXSW 2020 تایبەتە بە نمایشکردنی نوێترین بەرهەمە تەکنەلۆژی و میوزیک و فیلمەکان. وا بڕیار بوو لە ڕێکەوتی 13 تاوەکو 22 ـی ئەم مانگە لە شاری ئۆستنی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا ئەنجام بدرایە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئەوە ڕوو نادات. ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی ڤیستیڤاڵە تەمەن 34 ساڵەکەدا ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوە ببێت.

ڕێکخەرانی ڤیستیڤاڵەکە دەڵێن پاشەکشە کردن و بەژدارینەکردنی کۆمپانیا و قسەکەران، هۆکاری سەرەکی بەڕێوەنەچوونی ڤیستیڤاڵەکە بوون بۆ ئەمساڵ.

ڕەنگە ئەم هەواڵە گرنگییەکی وەهای نەبێت بۆ ئێمە، بەڵام کار لەسەر داهاتی سەرەکی ئەو شارە دەکات کە تێیدا بەڕێوە دەچێت، چونکە ڤیستیڤاڵەکە سەرچاوەی پەیداکردنی سەدان ملیۆن دۆلارە لە گەشتیاران و فرۆشتنی بلیتەکان بۆ شاری ئۆستنی ویلایەتی تێکساس.

ڤیستیڤاڵی SXSW 2020 دواین بۆنەی نێودەوڵەتییە کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ئەمساڵ هەڵبوەشێتەوە و بێگومان ئەگەر ڤایرۆسەکە لە تەشەنەکردن بەردەوام ببێت، بۆنەی گرنگتری زیاتر هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەوەی لە ئێستادا چاوەڕێی دەکەین، ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی بۆنەی WWDC 20 ـی ئەمساڵە لە لایەن ئەپڵەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ