10
ئەپڵ 13, ئازار 2020

ئەپڵ سەرجەم کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە وڵاتی چین کردەوە

لە مانگی ڕابردوودا، ئەپڵ سەرجەم کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە وڵاتی چین بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخست. هەواڵێکی خۆش بوونی هەیە لەم بارەیەوە.

وتەبێژێکی ئەپڵ بە پێگەکانی Bloomberg و Reuters ـی ڕاگەیاندووە کە کۆمپانیاکە لە ئەمڕۆوە سەرجەم 42 کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە وڵاتی چین دەکاتەوە کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرەتاکانی مانگی ڕابردوودا دایخستبوون. ڕێگریکردنی گەشتکردن بۆ چین یەکێک بوو لە هۆکارەکانی داخستنی کۆگایەکانی ئەپڵ لە وڵاتەکە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەپڵ بەشێک لەو کۆگایانەی لە وڵاتەکەدا کردنەوە کە دایخستبوون.

ئەپڵ گووتی کە داخستنی کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە چین، تاکە هۆکار بوو بۆ ئەوەی کە پێشبینی کەمبوونی داهاتی چارەکی یەکەمی ئەمساڵیان بکەن.

ئێستا وا دەرناکەوێت چین کێشە بێت بۆ ئەپڵ، بەڵام کۆمپانیاکە لە لایەکی دیکەوە کێشەی بۆ درووست بووە، کۆمپانیاکە لە دوێنێدا سەرجەم کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە وڵاتی ئیتاڵیا بە هۆی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخست.

تیم کوک، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ تۆڕی Fox Business، گەشبینی خۆی سەبارەت بە باشبوونی دۆخی وڵاتی چین لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئاشکرا کرد.

وا هەست دەکەم کە بارودۆخی وڵاتی چین خەریکە دەچێتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە. واتا مەبەستم ئەوەیە، سەیر بکەن، ژمارەی توشبووان لە وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ لە کەم بوونەوەدایە. بەوە زۆر گەشبینم.

تیم کوک، بەڕێوەبەری گشتی ئەپڵ

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ