ئەپڵ 1, شوبات 2020

ئەپڵ سەرجەم کۆگا و ئۆفیسەکانی لە وڵاتی چین دادەخات

ئەپڵ چیدیکە تەنها یەک ئۆفیسی لە وڵاتی چین داناخات، بەڵکو سەرجەم ئۆفیس و کۆگایەکانی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دادەخات.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Bloomberg بێت، ئەپڵ ڕایگەیاندووە کە هەوڵ دەدەن لە ئێستاوە تاوەکو ڕێکەوتی 9 ـی ئەم مانگە، سەرجەم ئۆفیس و کۆگا فەرمییەکانیان لە سەرانسەری وڵاتی چیندا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دابخەن، داخستنەکە کاتی دەبێت و بە پێی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانییە.

کۆمپانیاکە ڕاینەگەیاندووە کە ئەم داخستنە کاتییە تاوەکو کەی بەردەوامی دەبێت، بەڵام وا دیارە تاوەکو کۆتایی پێهاتنی ڤایرۆسەکە لە چین درێژە دەخایەنێت و ڕایگەیاندووە کە لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و بە نزیکترین کات کۆگا و ئۆفیسەکانیان لە وڵاتەکەدا دەکەنەوە.

شایەنی باسە کە کۆگای سەرهێڵی ئەپڵ لە وڵاتەکەدا بە کراوەیی دەمێنێتەوە و هاوڵاتیانی چین دەتوانن بە شێوەی سەرهێڵی بەردەوام ببن لە کڕینی بەرهەمەکانی ئەپڵ.

ئەگەر لە ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵدا بۆ ناونیشانی کۆگایەکی فەرمی کۆمپانیاکە بگەڕێیت لە چین، نیشانی دەدات کە تاوەکو تاوەکو ڕێکەوتی 9 ـی ئەم مانگە سەرجەمیان دادەخرێن و تا ماوەیەک ناکرێنەوە.

ڕوون نییە کە ئاخۆ کارگەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ئەپڵ، وەکو Foxconn، لە چین دادەخرێن بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە یاخود نا، بەڵام لە پێشوودا کۆمپانیای Foxconn ڕایگەیاندبوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کار لە بەرهەمهێنانی ئایفۆنەکان ناکات و کارگەکانیان بە کراوەیی دەهێڵنەوە. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، بەرهەمهێنانی iPhone 9 دوادەکەوێت و ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تاوەکو بەردەست دەکرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ڤایرۆسی جۆری 2019-nCoV لە خێزانی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا لە چەند ناوچەیەکی وڵاتی چین بڵاو بووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەسی کوشتووە و هەزاران کەسیش تووشبوون لە ناوخۆی وڵاتەکەدا، هەروەها زیاتر لە 10,000 حاڵەتی تووشبوون لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار کراوە. سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە شاری Wuhan ـی چینەوە بوو و بەردەوامە لە تەشەنەکردن لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان.

سەرچاوە The Verge9To5Mac
بۆچونی تۆ