10
ئەپڵ 12, ئازار 2020

ئەپڵ سەرجەم کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە وڵاتی ئیتاڵیا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخست

لە بەشی ئیتاڵی ماڵپەڕی فەرمی خۆی، کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە سەرجەم کۆگاکانی خۆی لە وڵاتی ئیتاڵیا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخست.

کۆمپانیاکە 17 کۆگای فەرمی لە وڵاتەکە هەیە و سەرجەم 17 کۆگاکەی داخستن، ئەپڵ ڕایگەیاندووە کە داخستنەکە بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام دەبێت و هیچ ڕێکەوتێکی بۆ کردنەوەیان ئاشکرا نەکرد. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی ئیتاڵیا سەرجەم کۆگا و دوکانەکانی وڵاتەکەی ناچارکرد تاوەکو ڕێکەوتی 3 ـی مانگی داهاتوو بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دابخرێن، داخستنی کۆگاکانی ئەپڵیش دەچێتە چوارچێوەی ئەم بڕیارەوە.

کاتێک کە لە ئێستادا کۆگاکانی ئەپڵ لە ئیتاڵیا داخراون، بەشی ئیتاڵی ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵ ڕاستەوخۆ داوا لە بەکارهێنەران دەکات بڕۆنە پەڕەی پاڵپشتی لە کاتی کردنەوەی ماڵپەڕەکەدا.

وڵاتی ئیتاڵیا بە دووەم وڵاتی جیهان هەژمار دەکرێت لە هەبوونی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوای چینەوە، ئیتاڵیا ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە ئەوروپا و تاوەکو ئەم ساتەی کە ئەم بابەتە نووسراوە، زیاتر لە 12,400 توشبوو بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا هەن.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەپڵ ئۆفیس و کۆگا فەرمییەکانی خۆیی لە وڵاتی چین داخست، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەندێکیانی کردەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ