ئامێرە هەمەجۆرەکان 17, ئازار 2020

مایکرۆسۆفت تایبەتمەندییەکانی سەکۆی نوێی Xbox Series X ـی ئاشکرا کرد

درەنگانێکی دوێنێ شەو کۆمپانیای مایکرۆسۆفت گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سەکۆی نوێی Xbox Series X ـی تایبەت بە یاریکردنی ئاشکرا کرد.

بە پێی مایکرۆسۆفت بێت، نەوە نوێیەکەی Xbox خاوەن پڕۆسێسەری 7 نانۆمەتری جۆری AMD Zen 2 دەبێت بە خێرایی 3.8 گێگاهێرتز لەگەڵ کارتی گرافیکی جۆری AMD RDNA 2 بە خێرایی 1.825 گێگاهێرتز. فراوانی ڕامەکەی 16 گێگابایت دەبێت و لە جۆری GDDR6 دەبێت، هەروەها فراوانی بیرگەکەی 1 تێرابایت دەبێت و لە جۆری NVME SSD دەبێت.

خاوەن پانکەیەکی 130 میلیمەتری دەبێت لە سەرەوە بۆ فڕێدانی هەوای گەرم و سارکردنەوەی بەشە ڕەقەکاڵاکانی ئامێرەکە و هەروەها خاوەن دەرچەی دەرەکی USB 3.2 دەبێت بە پشتگیری لە HDD و بیرگەکانی 4K Blu-ray.

ئەمە نموونەیەکی توانستی سەکۆکەیە بە بەراورد بە Xbox One X، سەکۆیە نوێیەکە بە 40 چرکە یاری State of Decay 2 بە تەواوی دەکاتەوە، لە کاتێکدا کە Xbox One X کاتێکی زۆر زیاتری پێویستە بۆ کردنەوەی یارییەکە.

بە هۆی بیرگە SSD ـییەکەیەوە، Xbox Series X توانای دەبێت بە کاتێکی زۆر کەم هەڵ ببێت و یارییەکان بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بیرگەکە توانای دەبێت ناوچەی وەستاندنی یارییەکان لە خۆیدا پاشەکەوت بکات، بەمەش ناوچەی وەستاندنی یارییەکان بۆ چەند ڕۆژێک یاخود چەند هەفتەیەکی زۆر نافەوتێن.

نەوە نوێیەکەی Xbox پشتگیری لە ڕوونی تاوەکو 8K 120fps دەکات بۆ کارپێکردنی یارییەکان. مایکرۆسۆفت هاوبەشێتی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای بەرهەمهێنەری تەلەفزیۆن کردووە تاوەکو تایبەتمەندییەکانی Auto Low Latency Mode و Variable Refresh Rate بۆ دەرچەی HDMI 2.1 ـی سەکۆیەکە کارا بکات، بەمەش کۆنتڕۆڵەکەی توانای دەبێت بە شێوەیەکی خێراتر کار بکات.

هەرچی دەربارەی کۆنتڕۆڵەکەیەتی، خاوەن دەرچەی USB-C دەبێت و پاتری جۆری AA بەکاردەهێنێت، هەروەها پشتگیری لە تایبەتمەندی Bluetooth Low Energy دەکات و خاوەن دوگمەیەکی نوێی هاوبەشیپێکردن دەبێت بۆ ناردنی وێنەکانی ڕوونما بۆ هاوڕێیان. لە پاڵ ئەوەشدا دەتوانرێت کۆنتڕۆڵی Xbox One X بۆ سەکۆیەکە بەکاربهێندرێت.

هەروەها مایکرۆسۆفت ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەکۆیەکە 301 میلیمەتر بەرزە و 151 میلیمەتر پانە. چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیاکە زانیاری زیاتر دەربارەی یارییەکانی سەکۆیەکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڵاو بکاتەوە، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە حوزەیرانی ئەمساڵدا سەکۆیەکە بەردەست بکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ