ئەپڵ 18, ئازار 2020

دەنگۆ: مۆبایلی iPhone 12 Pro خاوەن کامێرای جۆری ToF دەبێت لە پشتەوە

پێگەی 9To5Mac لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای کردووە کە لە کۆدە دزەپێکراوەکانی iOS 14 ـەدا، بۆیان ئاشکرا بووە مۆبایلی iPhone 12 Pro لە پشتەوە خاوەن کامێرایەکی نوێ دەبێت لە جۆری ToF.

پێگەکە دەڵێت لە دوای گەڕان بە نێو کۆدە دزەپێکراوەکانی iOS 14 ـەدا، کۆدێکی نوێیان دەربارەی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵیان بەدی کردووە بە ناوی “d5x”، کە ئەمە گوزارشت لە کامێرای زیاتر دەکات لە پشتەوەی مۆبایلەکاندا، لە کاتێکدا پێگەکە دەڵێت کۆدی “d4x” بۆ ناسینەوەی کامێراکانی ئایفۆنە نوێیەکانی پار ساڵ بەکارهاتبوو.

پێگەکە دەڵێت ئەو کامێرایە نوێیە لە جۆری (ToF (time-of-flight دەبێت، بەمەش ژمارەی کامێراکانی پشتەوەی ئایفۆنە نوێیەکان لە 3 دانەوە دەبنە 4 دانە.

هەستەوەری جۆری ToF خاوەن تایبەتمەندی ڕاستی خەیاڵییە، هەر وەک کامێرای پێشەوەی جۆری True Depth ـی iPhone X و نوێتر، وێنەکان دەچرکێنێت و جۆری سێ دووری (3D) ـیان لێ درووست دەکات بە ڕەچاوکردنی دەوروبەری وێنەکە. ئەم کامێرایە نوێیە بۆ زیادکردنی تایبەتمەندی نوێ دەتوانرێت سوودی زۆری لێ ببیندرێت.

هەموو جۆرە نوێیەکانی ئایفۆنەکانی ئەمساڵ خاوەن ئەو کامێرا نوێیە نابن، بەڵکو پێگەی 9To5Mac دەڵێت تەنها 2 جۆر لە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن ئەو جۆرە کامێرایە دەبن، ئەوانیش iPhone 12 Pro و iPhone 12 Pro Max دەبن.

لە ساڵی پێشوودا، پێشبینیکەری بەناوبانگ Ming-Chi Kuo ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات 2 دانە لە ئایفۆنەکانی ساڵی 2020 خاوەن کامێرای جۆری ToF ببن لە پشتەوە.

پێشتر پێگەی 9To5Mac لە ڕێگەی کۆدە دزەپێکراوەکانی وەشانی iOS 14 ـەوە زۆرینەی تایبەتمەندییە نوێیەکانی وەشانەکەی ئاشکرا کردبوو.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ