فەیسبووک
20, ئازار 2020
فەیسبووک ڕووکاری نوێی تۆڕەکەی بە دۆخی تاریکەوە بۆ بەکارهێنەرانی لە وێب بەردەستکرد

لە پاش نزیکەی ساڵێک لە ڕاگەیاندنی ڕووکارێکی نوێ و سادە بە هەبوونی دۆخی تاریکەوە، دواجار فەیسبووک دەستیکرد بە بەردەستکردنی ڕووکارەکە بە تایبەتمەندییەکەوە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی خۆی لە وێبدا.
ڕووکارە نوێیەکەی فەیسبووک سادەیە و نزیکە لەو ڕووکارەوە کە ساڵێک لەمەوبەر بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکەی لە مۆبایلەکان بەردەستی کردبوو. ڕووکارە نوێیەکە خاوەن تایبەتمەندی دۆخی تاریک (Dark Mode) ـە، کە بە کاراکردنی، پاشبەندی تۆڕەکە ڕەش دەکات و چێژێکی تایبەت بە بەکارهێنەر دەبەخشێت لە شەودا و ئازاری چاوەکان نادات.

دۆخی تاریکی ڕووکارە نوێیەکەی فەیسووک خودکارانە نییە و دەبێت خۆکارانە کارا یاخود ناکارای بکەیت، ئەویش بە شێوەیەکی ئاسان و لە ڕێگەی وێنۆچکەی نوێی ڕێکخستنەکان لە بەشی سەرەوەی تۆڕەکە ئەنجام دەدرێت. دڵنیا نین لەوەی کە دۆخەکە لەگەڵ دۆخی تاریکی سیستەمی macOS ـدا هەماهەنگی درووست بکات و خودکارانە کار بکات، بەڵام کاتێک ڕووکارە نوێیەکە بە یەکێک لە ئەندامانی ستافەکەمان گەیشت، تاقی دەکەینەوە و ئاگادارتان دەکەینەوە.
لە ئێستادا ڕووکارە نوێیەکەی فەیسبووک بە هەبوونی دۆخی تاریکەوە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکە لە وێب بەردەست کراوە و بەم نزیکانە بۆ هەمووان بەردەست دەکرێت، هەر بۆیە ئەگەر تاوەکو ئێستا پێت نەگەیشتووە، چاوەڕێ بکە و خودکارانە بۆت نوێ دەبێتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ باسێک نییە سەبارەت بە زیادکردنی دۆخی تاریک بۆ ئەپی فەیسبووک لە مۆبایلەکاندا.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.