مۆبایل و تابلێت 21, ئازار 2020

ڤایرۆسی کۆرۆنا فرۆشی مۆبایلەکانی ڕووبەڕووی نزمترین ئاست کردەوە

لە مانگی ڕابردوودا، کۆمپانیای ئەپڵ پێشبینی کردبوو کە ڕەنگە نەگەن بە ئاستی چاوەڕوانکراوی داهات لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. بێگومان ڕوونیش بوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کار لەسەر فرۆشی سەرجەم مۆبایلەکانیش بێ جیاوازی دەکات.

پێگەی Strategy Analytics لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند کە مانگی شووباتی ئەمساڵ بە خراپترین مانگی فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان دادەنرێت، بە شێوەیەک کە فرۆشی مۆبایلەکان لە 99.2 ملیۆن دانەوە بۆ 61.8 ملیۆن دانە دابەزیوە بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو و ڕێژەی دابەزینەکەش بریتییە لە 38%.

پێگەکە فرۆشی کۆمپانیاکانی لەو مانگەدا ئاشکرا نەکرد، هەر بۆیە پێویستە لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە ڕێگەی داهاتی چارەکی یەکەمی کۆمپانیاکانەوە ئەو ژمارانە بزانین.

هیچ گومانێکی تێدا نییە کە هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینی فرۆشە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کارەساتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ئێستادا جیهانی بە خۆیەوە گیرۆدە کردووە. هەروەک لە ئێستادا ڤایرۆسەکە لە تەشەنەکردندایە لە جیهاندا، پێدەچێت فرۆشی مۆبایلەکان لەم مانگەدا زۆر خراپتر بێت بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ