تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 24, ئازار 2020

ئینستەگرام تایبەتمەندی Co-Watching و لەزگەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بەردەستکرد

لە هەموو کاتێک زیاتر ئێستا ئینستەگرام جەخت لەسەر هێشتنەوەی بەکارهێنەرانی دەکات لە پەیوەندیدا، بە هۆی ئەوەی زۆرینەی ناوچەکانی جیهان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەرەنتینە کراون و دەبێت هاوڵاتیان لە ماڵەوە کاتەکانیان بەسەر دەبەن. بۆ ئەم مەبەستەش، کۆمپانیاکە تایبەتمەندی Co-Watching و لەزگەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکەی بەردەستکرد.

تایبەتمەندی نوێی Co-Watching ـی تۆڕەکە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات تاوەکو لە کاتی ئەنجامدانی پەیوەندییە ڤیدیۆییە بە کۆمەڵەکاندا پێکەوە بینەری بڵاوکراوەکانی ناو تۆڕەکە ببن و کاتێکی زیاتر بەسەرببەن.

هەروەها کۆمپانیاکە لەزگەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە کۆرۆنای بۆ بەشی ستۆری تۆڕەکەی بەردەستکرد، کە لە ڕێگەی لەزگەی Donating ـی ناو ستۆرییەوە دەتوانرێت لەزگەکانی تایبەت بە ڤایرۆسەکە زیاد بکرێن.

هاوکات کۆمپانیاکە ئامرازێکی نوێی بۆ تۆڕەکەی ڕاگەیاند، کە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی زانیارییە ناڕاستەکان دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە ئەمڕۆوە تایبەتمەندییە ناوبراوەکان بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی تۆڕەکە بەردەست دەکرێت، بێجگە لە لەزگەکان کە بە پێی وڵاتان سنووردارە، بەڵام ئینستەگرام دەڵێت کار لەسەر بەردەستکردنی ئەویش دەکات بۆ گشت بەکارهێنەران بێ جیاوازی.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ