10
مۆبایل و تابلێت 30, ئازار 2020

مۆبایلی OnePlus 8 بە ژمارەیەک ڕەنگی نوێوە لە وێنە دزەپێکراوەکاندا بەدیارکەوت

وا پێناچێت ماوەیەکی زۆری مابێت بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلەکانی OnePlus 8 و OnePlus 8 Pro لە لایەن کۆمپانیای وەنپڵەسی چینییەوە. ژمارەیەک وێنەی دزەپێکراوی نوێی مۆبایلی OnePlus 8 بە ژمارەیەک ڕەنگی نوێوە بڵاوکرانەوە.

پێگەی WinFuture و هەژماری Ishan Agarwal لە تویتەر ژمارەیەک وێنەی دزەپێکراوی مۆبایلی OnePlus 8 ـیان بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا مۆبایلەکە بە 3 ڕەنگی نوێوە دەردەکەوێت. ڕەنگەکان بریتین لە شەبەقی ئەستێرەیی و سەوزی سەهۆڵی و ڕەشی بەردینی. ڕەنگی شەبەقی ئەستێرەیی ڕەنگێکی زۆر نوێیە و تێکەڵەی ڕەنگەکانی زەرد و پڕتەقاڵی و سوور و مۆرە، دەربارەی ڕەنگی سەوزی سەهۆڵی، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وێنەیەکی دزەپێکراوی مۆبایلەکە بەو ڕەنگەوە بڵاوکرایەوە.

ڕوون نییە کە ئاخۆ هەردوو مۆبایلەکانی OnePlus 8 و OnePlus 8 Pro خاوەن ئەو ڕەنگانە دەبن یاخود تەنها یەک دانەیان بەو ڕەنگە نوێیانەوە بەردەست دەکرێن.

دزەپێکراوی پێشتر ئاشکرایان کرد کە مۆبایلی OnePlus 8 Pro خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.78 ئینج بە خێرایی نوێبوونەوەی 120 هێرتز لەگەڵ پاترییەک بە توانستی 4,510 ملی ئەمپێر بە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی 30 واتی و بارگاویکەرەوەی بێوایەر و خاوەن بڕوانامەی IP68 دەبێت بۆ بەرگری لە بەرانبەر تۆز و ئاو. مۆبایلی OnePlus 8 بچووکتر دەبێت و ڕوونماکەی 6.55 ئینج دەبێت بە خێرایی نوێبوونەوەی 90 هێرتز و خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 4,300 ملی ئەمپێر بە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی 30 واتی. هەردوو مۆبایلەکە خاوەن پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 865 دەبن بە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G.

چاوەڕوان دەکرێت لە ساتەوەختێکی مانگی داهاتوودا هەردوو مۆبایلەکە نمایش بکرێن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ