ئەپڵ 6, نیسان 2020

وێنەی دزەپێکراو: iPhone 12 Pro خاوەن هەستەوەری LiDAR Scanner دەبێت لە پاڵ 3 کامێرای دیکە لە پشتەوە

وێنەیەکی دزەپێکراوی نوێ ئاشکرای دەکات کە مۆبایلی iPhone 12 Pro خاوەن هەستەوەرێکی نوێ دەبێت لە پشتەوە.

هەژماری Concepts iPhone لە تویتەر وێنەیەکی نوێی مۆبایلی iPhone 12 Pro ـی لە کۆدە دزەپێکراوەکانی وەشانی iOS 14 ـەدا دۆزیوەتەوە، کە تێیدا ئاشکرای دەکات مۆبایلی iPhone 12 Pro ـی نوێ خاوەن هەستەوەری نوێی LiDAR Scanner دەبێت لە پشتەوە و لە پاڵ 3 کامێراکەی دیکەیدا، بەمەش شوێنی کامێراکانی پشتەوە ڕێکدەخرێتەوە و چوارچێوە گەورەکەی بە کامێرا و هەستەوەرەکان پڕ دەبنەوە و هەروەها گڵۆپی فلاش دەچێتە ناوەندی چوارچێوەکەوە.

هەستەوەری LiDAR Scanner چییە؟

لە مانگی ڕابردوودا ئەپڵ نەوەی چوارەمی iPad Pro ـی ڕاگەیاند، کە یەکەمین ئامێری ئەپڵ بوو بە هەبوونی هەستەوەری LiDAR Scanner ـەوە. هەستەوەری LiDAR Scanner خاوەن تایبەتمەندی ڕاستی خەیاڵی (AR) ـە و تایبەتە بە پێوانەکردنی بنەماکان بۆ دووری تاوەکو 5 مەتر.

پێشتر دەنگۆکانی دیکە باسیان لە هەبوونی هەستەوەرێکی تایبەت بە قوڵی (Depth) دەکرد لە مۆبایلی iPhone 12 Pro ـدا.

ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبێتە ڕێگر، ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ لە مانگی ئەیلولدا نمایش دەکرێن.

فەرهەنگۆک:

لایدار LiDAR چییە؟

بە پوختی لایدار کورتکراوەی Light Detection and Rangingـە و کاری دیاریکردنی تەنەکانە لە دووری ٥ مەترەوە و هەروەها دروستکردنی وێنەیەکی سێ دووری نزیک لە ڕاستیەوە، و پاشان دیاریکردنی دووری نێوان تەنەکان بە شێوەیەکی دروست.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ