10
گووگڵ 21, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

گووگڵ لە ڕێگەی نوێکاری سیستەمەوە کێشەیەکی ناسێنەرەوەی دەموچاو لە مۆبایلەکانی Google Pixel 4 چارەسەر دەکات

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەرکەوت کە هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی مۆبایلەکانی Google Pixel 4 و Google Pixel 4 XL توانای ناسینەوەی دەموچاو و کردنەوەی قفڵی مۆبایلەکەی دەبێت تەنانەت ئەگەر چاوەکانیشت داخراو بن. کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا خاڵی لاوازی ئاسایشییە و دەتوانرێت بە نهێنی یەکێک مۆبایلەکەت نزیکی دەموچاوت بکاتەوە لە کاتی خەوتندا و قفڵی مۆبایلەکەت بکاتەوە.

هەر زوو گووگڵ سەبارەت بەم کێشەیە هاتە دەنگ و هەبوونی ئەو حاڵەتەی لە هەستەوەری ناسێنەرەوەی مۆبایلە نوێیەکانیدا پشتڕاست کردەوە. بۆ ئەمڕۆ، کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە کار لەسەر زیادکردنی بژاردەیەک دەکەن تاوەکو کردنەوەی چاوەکان بکات بە پێوەر بۆ ناسینەوەی دەموچاوت و کردنەوەی قفڵی مۆبایلەکە. لە ڕاستیدا، پێشووتر هەمان بژاردە بە ناوی “Require eyes to be open” لە ڕێکخستنەکانی مۆبایلەکەی گووگڵدا بەدیار کەوتبوو، بەڵام گووگڵ ئاماژەی بە هەبوونی نەکرد لە کۆنگرەی تایبەت بە نمایشکردنی مۆبایلەکاندا.

هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی مۆبایلەکانی Google Pixel 4 و Google Pixel 4 XL هاوشێوەی هەستەوەری Face ID ـی ئایفۆنە نوێیەکانە. هەستەوەرەکە کار لەسەر ماسولکەکانی دەموچاو و نەخشەی قوڵی دەموچاو دەکات بۆ ناسینەوە و بە هیچ شێوەیەک پشت بە کامێرای وێنەگرتن نابەستێت.

گووگڵ دەڵێت هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی مۆبایلە نوێیەکانی بۆ ئەوە دیزاین کراوە تاوەکو بە پێی کات باشتر و باشتر بکرێت لە ڕێگەی نوێکاری سیستەمەوە.

بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت مۆبایلەکانی Google Pixel 4 و Google Pixel 4 XL بکڕن، لە سەرەتادا گووگڵ ئاگاداریان دەکاتەوە کە ئەگەر هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی مۆبایلەکە توانای کردنەوەی قفڵی مۆبایلەکەی هەبوو بە دەموچاوی یەکێکی دیکە، پێویست دەکات بژاردەی ئاسایشی PIN کارا بکەن تاوەکو لە کردنەوەی داهاتوودا پێویست بە نووسینی ژمارە بکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ