فەیسبووک 25, نیسان 2020

فەیسبووک تایبەتمەندی Messenger Rooms ـی بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییە ڤیدیۆییە بە کۆمەڵەکان ڕاگەیاند

کۆمپانیای فەیسبووک لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئامرازێکی نوێوە، بە توندی وەڵامی خزمەتگوزارییەکانی Zoom و Skype و ئەوانی دیکەی تایبەت بە ئەنجامدانی پەیوەندییە ڤیدیۆییە بە کۆمەڵەکانی دایەوە.

ئەمڕۆ کۆمپانیای فەیسبووک ئامرازێکی نوێی بە ناوی Messenger Rooms ـەوە ڕاگەیاند، ئامرازەکە تایبەتە بە ئەنجامدانی پەیوەندییە ڤیدیۆییە بە کۆمەڵەکان و ڕێگە بە 50 کەس دەدات لە یەک کاتدا پەیوەندی ڤیدیۆیی ببەستن. هاوکات کۆمپانیاکە ژمارەی ئەندامانی پەیوەندییە ڤیدیۆییە بە کۆمەڵەکانی تۆڕی WhatsApp ـیشی کردە دوو هێندە.

لە سەرەتادا، تایبەتمەندی Messenger Rooms بۆ تۆڕەکانی Facebook و Facebook Messenger بەردەست دەبێت، لە پاشان و لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ سەرجەم سەکۆیەکانی دیکەی فەیسبووک زیاد دەکرێت، کە ئەوانیش Instagram و WhatsApp و Portal ـن.

تایبەتمەندی Messenger Rooms خاوەن بژاردەی تایبەت دەبێت تاوەکو ڕێگە بە هەمووان بدات ڕاستەوخۆ پەیوەستی پەیوەندییەکان ببن یاخود ڕێگری لە پەیوەستبوونی ڕاستەوخۆیان بکرێت. تایبەتمەندییەکە لە جۆری بە کۆد کراوی بێکۆتا (End-to-End Encryption) نییە، بەڵام فەیسبووک توانای نابێت گوێ لە پەیوەندییەکان بگرێت.

درووستکەرانی پەیوەندییە ڤیدیۆییە بە کۆمەڵەکانی Messenger Rooms، کە پەیوەندییەکان بە ڕووم ناو دەبرێن، دەتوانن دەستکاری ڕێکخستنەکانی پەیوەستبوون بکەن و کاتێک دیاری بکەن تاوەکو ڕوومەکە لەو کاتەدا دەست پێبکات.

فەیسبووک ڕایگەیاند کە دووبارە تایبەتمەندی بانگهێشتکردن (Invite) بۆ پەخشە ڕاستەوخۆیەکانی فەیسبووک زیاد دەکاتەوە تاوەکو بەکارهێنەران پەخشی ڕاستەوخۆیەکان لەگەڵ کەسانی دیکەدا ئەنجام بدەن.

فەیسبووک گۆڕانکارییە نوێیەکانی تۆڕی Instagram ـیشی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە بەم نزیکانە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات تاوەکو پەخشە ڕاستەوخۆیەکانیان لە تۆڕی IGTV ـدا بڵاو بکەنەوە.

بە هەرحاڵ، تایبەتمەندی Messenger Rooms لە ئەمڕۆوە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ئەپی Facebook Messenger لە سەرانسەری جیهاندا بەردەست دەکرێت. وە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بۆ بەکارهێنەرانی ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان لە ناو ئەپی Facebook ـدا بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ