مایکرۆسۆفت 4, ئازار 2020

بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، مایکرۆسۆفت ڕێگە بە کارمەندەکانی دەدات لە ماڵەوە کار بکەن

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە هەنگاوێکی نوێدا بە مەبەستی پاراستنی تەندرووستی کارمەندەکانی، ڕێگە بە کارمەندەکانی دەدات تاوەکو لە ماڵەوە کارەکانی کۆمپانیا ڕابپەڕێنن.

لە ڕێبەرییەکی نوێدا بۆ کارمەندەکانی، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاندووە ڕێگە بەو کارمەندانەی خۆی دەدات کە دانیشتووی ناوچەکانی سێتڵ و سان فڕانسیسکۆن تاوەکو لە ماڵەوە کارەکانی کۆمپانیا ئەنجام بدەن و نەیەن بۆ بارەگای کۆمپانیاکە، کارکردنی کارمەندەکان لە ماڵەوە لە ئەمڕۆوە تاوەکو ڕێکەوتی 9 ـی ئەم مانگە دەبێت.

هەروەها مایکرۆسۆفت هەموو کارمەندەکانی ئاگادار کردووەتە کە ئەگەر هەست بە نەخۆشی دەکەن یاخود پەیوەندییان لەگەڵ یەکێکدا هەبووە کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، پێویستە لە ماڵەوە کار بکەن و بە هیچ شێوەیەک نەیەنە کۆمپانیا بۆ کارکردن.

بە هەمان شێوە، مایکرۆسۆفت کارمەندەکانی خۆی لە ئۆفیسە فەرمییەکانی لە وڵاتانی کۆریای باشوور و سەنگافورە و ئیتاڵیا ناچار کردووە تاوەکو لە ماڵەوە کار بکەن و سەردانی ئۆفیسەکانی کۆمپانیاکە نەکەن.

ئێستا ئەوەی ماوەتەوە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکە، بڕیاردانە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی گەشەپێدانی Microsoft Build. لە کاتێکدا کە دوێنێ شەو کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند کۆنگرەی Google I/O بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵدەوەشێننەوە.

تاوەکو 128 توشبووی ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە کۆرۆنا لە ئەمریکا هەن و ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتووە بە 94,000 کەس لە سەرانسەری جیهاندا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ