ئامێرە هەمەجۆرەکان
18, حوزهیران 2020
وێنە دزەپێکراوەکانی کاتژمێری زیرەکی Samsung Galaxy Watch 3 بڵاوکرانەوە

وێنە دزەپێکراوەکانی کاتژمێری زیرەکی Samsung Galaxy Watch 3 ـی ڕانەگەیاندراوی سامسۆنگ بڵاوکرانەوە و ئێستا دەزانین کە شێوەی کاتژمێرە زیرەکەکە چۆن دەبێت.
پێگەی MySmartPrice ژمارەیەک وێنەی کاتژمێری زیرەکی Samsung Galaxy Watch 3 ـی لە ماڵپەڕی NRRA ـی کۆری دەست کەوتووە و دەردەکەوێت کە کاتژمێرە زیرەکەکە خاوەن چوارچێوەی فیزیایی خولاوە و دوو دوگمە لە لای ڕاستەوە دەبێت. وێنەکان دوو مۆدێل لە کاتژمێرە زیرەکەکە لەخۆ دەگرن، کە قەبارەیان 41 میلیمەتر (1.2 ئینج) و 45 میلیمەتر (1.4 ئینج) دەبن.
چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێری زیرەکی Galaxy Watch 3 خاوەن بەرگی ستیلی بێخەوش و GPS و بڕوانامەی 5ATM بۆ بەرگری لە بەرانبەر ئاو و تۆز بۆ قوڵی 50 مەتر و بۆ 10 خولەک ببێت، هەروەها لەگەڵ ڕامی 1 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 8 گێگابایت و پاتری 247 یان 340 ملی ئەمپێری و هەستەوەری ترپەی دڵ و پەستانی خوێن و ECG ببێت.
پێشبینی دەکرێت سامسۆنگ ئەم کاتژمێرە زیرەکە لەگەڵ زنجیرە مۆبایلی Galaxy Note 20 لە مانگی ئابی ئەمساڵدا ڕابگەیەنێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.