تێکنۆ
29, حوزهیران 2023
زنجیرە مۆبایلی TECNO Pova 5 بە پاتری 6000 ملی ئەمپێری و Helio G99 و زیاترەوە نمایشکرا

ئەمڕۆ بە فەرمی کۆمپانیای تێکنۆ پەردەی لەسەر زنجیرە مۆبایلی Pova 5 لادا، کە هەریەکە لە Pova 5 و Pova 5 Pro و Pova Neo 3 لە خۆی دەگرێت. هەروەها جۆرێکی تایبەتیشی هەیە بەناوی Pova 5 Free Fire Special Edition کە بەهەماهەنگی لەگەڵ یاری Free Fire Battle Royale ـەوە بەرهەم هاتووە.
لە ڕووی دیزاینەوە، ئەم زنجیرەیە دیزاینێکی جیاواز لەڕووی پشتەوەی هەیە و تێکنۆ بە Turbo Mecha ناوی دەبات چونکە ئەو هێڵانەی لە پشتەوەی مۆبایلەکە هەیە گوزارشتن بۆ ئەو ڕۆبۆتە گەورەیەی لە فیلمی زانستی خەیاڵی بوونی هەیە.

بە کورتی ئەمانە تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Pova 5:
- ڕوونما: 6.67 ئینج لە جۆری IPS LCD بە تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز و بە ڕوونی Full HD Plus
- چیپ: MediaTek Helio G99 (6nm)
- کامێرای پشتەوە: 50 مێگاپێکسڵ سەرەکی + 2 مێگاپێکسڵ لە جۆری هەستەوەری قوڵی Depth Sensor
- کامێرای پێشەوە: 8 مێگاپێکسڵ
- پاتری: 6000 ملی ئەمپێر بە کەلەسەری بارگاویکردنەوەی ٤٥ واتی کە بە ٦٠ خولەک مۆبایلەکە پڕ بارگاوی دەکاتەوە لە سفر بۆ ١٠٠.
- بڵندگۆی دوانی Dual Speakers with DTS Sound
- بیرگە: 256 گێگابایت
- ڕام: 8 گێگابایت + 8 گێگابایتی تر زیاد دەکرێت و دەکاتە 16 گێگابایت

هەرچی دەربارەی Pova Neo 3 یە، مۆبایلەکە ڕوونماکەی گەورەترە بە قەبارەی 6.82 ئینج، بەڵام ڕوونی کەمترە و 720 بە 1640 پێکسڵە. ئەوەی سەرسوڕهێنەرە پاتریە 7000 ملی ئەمپێریەکەیەتی. جیاواز لە پۆڤا ٥، ئەم مۆبایلە چیپی MediaTek Helio G85 بەکاردەهێنیت و بژاردەی ڕامی 4 و 8 گێگابایتی لێ بەردەست دەکرێت. کامێرای پۆڤا نیۆ ٣ لە ڕووی پشتەوەی 16 مێگاپێکسڵە و لەڕووی پێشەوەیشی 8 مێگاپێکسڵە.
سەبارەت بە نرخ، تا ئێستا تێکنۆ نرخی بۆ هیچ ناوچەیەک ڕانەگەیاندووە. هەرکاتێک لە عێراق بەردەست کرا بێگومان زانیاری تەواو بڵاو دەکەینەوە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!