گووگڵ
4, تشرینی یەکەم 2023
جیمەیڵ هەنگاو دەنێت بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئیمەیڵە نەخوازراوەکان

جیمەیڵ هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی زیاتر سەلامەتتر بێت. گووگڵ دەڵێت کە بەدرێژایی چەند ساڵێکە بە یارمەتی زیرەکی دەستکرد جیمەیڵ 99.9%ی ئەو ئیمەیڵانەی کە Spam (پەیامی نەخوازراون کە بە کۆمەڵ دەنێردرێن) و Phishing (دەبێتە هۆی ئاشکرا کردنی زانیارییە هەستەوەرەکانی بەکارهێنەر لە ڕێگەی خۆناساندنی لایەنێک وەک کۆمپانیا یاخوود لایەنێکی فەرمی) و Malware (بریتییە لە لینکێک یاخوود ئەپێک کە ڤایرۆسییە و لە ڕێگەیەوە ئەو لایەنەی دەینێرێت دەتوانێت دەست گەیشتنی هەبێت بە زانیاری بەکارهێنەر) بلۆک کردووە و ڕۆژانە 15 ملیار ئیمەیڵی نەخوازراوی ڕاگرتووە. وە ئێستا کۆمەڵێک یاسای نوێ جێبەجێ دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە ئاڵۆزترەکان.
یاسا نوێیەکان بۆ ئەو لایەنانەیە کە ڕۆژانە 5,000 ئیمەیڵ زیاتر دەنێرن. زۆر جار، ئەم نێرەرانە بە شێوەیەکی گونجاو سیستەمەکانیان ناپارێزن، ئەمەش وای لێدەکات لەلایەن هاککەرەکانەوە بە ئامانج بگیرێت. لە مانگی 2ی ساڵی داهاتووەوە، جیمەیڵ یاسای نوێ بۆ نێرەری بەکۆمەڵ جێبەجێ دەکات:
ڕەسەنایەتی: نێرەرانی بەکۆمەڵ دەبێت بیسەلمێنن ئەوان نێرەری بە کۆمەڵن. ئەمەش ئاسایشی ئیمەیڵەکە بەهێز دەکات و ناهێڵێت هاککەران بە دزییەوە بچنە ژوورەوە.
هەڵوەشاندنەوەی بەشداریکردن بە ئاسانی: دەتوانیت بە یەک کلیک بەشداریکردن لە ئیمەیڵە بازرگانییەکان هەڵبوەشێنیتەوە. نێرەرەکان دەبێت لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئەم داواکاریانە جێبەجێ بکەن.
نەخێر بۆ سپامی زیاتر: جیمەیڵ سنوورێکی ڕوون بۆ ڕێژەی سپام بۆ نێرەرەکان دادەنێت. ئەمەش واتە کەمتر سپام ئیمەیڵەکەت پڕ دەکاتەوە.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.