ئەپڵ 28, ئازار 2020

کێشە لە چینی دژە ڕەنگدانەوەی ڕوونمای MacBook Air ـە نوێیەکانی ئەپڵدا بەدیارکەوت

لە ساڵی 2018 ـەدا ئەپڵ دیزاینی زنجیرە لاپتۆپی MacBook Air ـی بە تەواوی نوێ کردەوە و هێز و سەرنجڕاکێشییەکی زیاتری پێبەخشی، تاوەکو چەند ساتەوەختێکی پێشتر، MacBook Air ـی دیزاینکراوە هیچ کێشەیەکی دیاری تێدا بەدیار نەکەوتبوو، بەڵام کێشەیەک لە ڕوونمای لاپتۆپەکەدا بەدیارکەوت.

بە پێی پێگەی MacRumors بێت، ئەپڵ تێبینییەکی بۆ یەکێک لە بریکارە فەرمییەکانی خۆی ناردووە و تێیدا ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە چینی دژە ڕەنگدانەوەی ڕوونمای لاپتۆپی MacBook Air ـی نوێکراوەی مۆدێل 2018 و نوێتر تووشی تێکچوون ببێت و بەمەش وا لە ڕوونمای لاپتۆپەکە دەکات پەڵاوی/بڵقاوی دەربکەوێت.

چینی دژە ڕەنگدانەوە (Anti-reflective) یارمەتیدەرە بۆ نیشاندانی دیمەنەکانی ڕوونما بە شێوەیەکی باشتر و ئاسانتر، هەروەها ڕوونماکە دەپارێزێت لە کاتی داخستنی ڕوونماکە و ئاسانکاری دەکات بۆ پاککردنەوەی.

پێشتر لاپتۆپە ڕوونما Retina ـەکانی دیکەی ئەپڵ خاوەن هەمان کێشە بوون، لە نێویاندا MacBook Pro ـی 13 و 15 ئینج و MacBook ـی 12 ئینجی مۆدێلەکانی 2015 و 2017. ئەپڵ ئەو کێشەیەی بێبەرامبەر بۆ خاوەن ئەو لاپتۆپانە چارەسەر دەکرد، بەڵام لە تێبینییە دزەپێکراوەکەدا ئەپڵ ئاماژەی بە چاککردنەوەی بێبەرامبەری بۆ خاوەن MacBook Air ـە نوێیەکان نەکردووە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ