بابەتی گرینگ
10, تشرینی یەکەم 2023
ساڵیادی دامەزراندنی کەی ئای تی ئێن پیرۆزبێت؛ 12 ساڵ پێشەنگی لە ڕووماڵی تەکنەلۆژیا!

ئەمڕۆ ساڵێکی تر چووە سەر تەمەنی تۆڕە نایابەکەی تەکنەلۆژیا لە کوردستان. ئەو تۆڕەی کە ستافێکی خۆبەخشی گەنج و لێهاتوو تاوەکو ئەمڕۆ بەبێ وچان و لێبڕوانە ئیشیان تێدا کردووە و بووە بە فێرگەیەک بۆ چەندین گەنج. لێرەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و ئێوەی هاندەر و فان و میوانی بەردەوامی کەی ئای تی ئێن دەکەین. دەخوازین لەم خزمەتە بەردەوام بین و هەرچۆنێک بێت بە دێرێکیش بێت ڕۆژانە زانیاری نوێ و هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی بواری تەکنەلۆژیا بۆ ئێوە بگوازینەوە.
سەپرایزی ساڵیادی دامەزراندنی کەی ئای تی ئێن ڕاگەیاندنی کۆمپانیای کەی ئای تی ئێنە بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری و پڕۆگرامسازی. خوێنەربن.
تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی ناسراو بە کەی ئای تی ئێن Kitn، لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ و لە 10ی 10ی 2011 دامەزرا و دەستی کرد بە کاروچالاکییەکانی لە بواری تەکنەلۆژیا لە کوردستان. لەم ڕۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ، کە ڕێک دەکاتە ١٢ ساڵ، ئێمە لە خزمەت نەوەستاوین و بگرە بە خۆشحاڵییەوە چەندین گۆڕانکاری ڕیشەییمان لە بواری تەکنەلۆژیا بەرپاکرد، بەجۆرێک ئێستا ئەوانەی کە دێنە ناو بوارەکە یان هاتوونەتە ناوی و کەناڵ و پەڕ و ماڵپەڕ دادەمەزرێنن سود لە ئەزموونی چەند ساڵەی کەی ئای تی ئێن وەردەگرن و لە قسە و نوسین و شێوازی کارکردنیاندا پێوەیان دیارە کە سودمەندبوون لە ئەزموونی ئێمە. بێگومان ئەمە جێگەی شانازییە و بەمە دەگوترێت بوونی جێ پەنجە لە خزمەتکردندا. ئەمەش پێی دەگوترێت پێشەنگی!
لە ڕاستیدا، ئەوەی گرنگە پاڵشتی ئێوەیە تاوەکو ئێمەش بتوانین بەردەوام بین. بێگومان لێرەشەوە دەیڵێین کە تۆڕەکەمان سەربەخۆیە و پەیوەندی بە هیچ لایەنێکەوە نییە. بۆیە تۆش ئەگەر دەتەوێت خزمەت بکەیت وەکو ئێمە، ئەوا دەرگای کەی ئای تی ئێن واڵایە و دەتوانین بابەت و نوسین و وتارەکانت بنێریت بەلەبەرچاوگرتنی ناوەڕۆکێکی ئاست بەرز و دروست لە ڕووی ڕێزمانی و داڕشتن و خاڵبەندییەوە و ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بڵاوی دەکەینەوە.
بەبیرتان دەهێنینەوە بە شێوەیەکی چڕ و بە ئاستێکی بەرزەوە لە ماوەی ڕابردوو دەستمان کردووە بە دروستکردنی ڤیدیۆی هەڵسەنگاندن و فێرکاری و ڕیل و زیاتریش، بۆیە پاڵپشتی ئێوە بۆ کەناڵی کەی ئای تی ئێن لە یوتیوب دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ ڤیدیۆکانمان و بەردەوامیمان لە دروستکردنی ڤیدیۆیی نایاب! کرتە لێرە بکە بۆ کردنەوەی کەناڵی کەی ئای تی ئێن لە یوتیوب و سەبسکرایب کردنی…
دوبارە پیرۆزبێت ئەم ڕۆژە مێژووییە و هەمیشە گەشاوەبێت تاکە تۆڕی باوەڕپێکراوی تەکنەلۆژی لە کوردستان!
بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی (کەی ئای تی ئێن)