رەقەکاڵا 24, تشرینی یەکەم 2023

کواڵکۆم پرۆسێسەری Snapdragon X Elite بۆ لاپتۆپەکان نمایش کرد

کواڵکۆم زنجیرەی Xی نمایش کرد بۆ لاپتۆپەکان لە ماوەی ڕابردوودا و ڕایگەیاند لە کۆنگرەی Snapdragon Summit (کە ئەمڕۆ بەڕێوە چوو) زانیاری زیاتر لە بارەی پرۆسێسەرەکەوە بڵاو دەکاتەوە و ئێستا کاتی ئەوەیە زانیارییە نوێیەکان ببیستین.

پرۆسێسەرە نوێیەکەی کواڵکۆم هەنگاوێکی گەورەیە بۆ کۆمپانیاکە و بۆ ڕکابەری ڕاستەوخۆی زنجیرەی Mی کۆمپانیای ئەپڵ درووست کراوە. پرۆسێسەرە نوێیەکەی کۆمپانیاکە لەسەر بناغەی 4 نانۆمەتری دامەزراوە. ناووکی نوێ و دەستکاری کراوی Oryon لەسەر جێگیر کراوە.

بە ڕێژەی 2 هێندە لە CPU و GPU باشتر کراوە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی، پشتگیری لە ڕام لە جۆری LPDDR5x تاوەکو 64 گێگابایت و بیرگە لە جۆری NVMe PCle نەوەی چوارەم و UFS 4.0 دەکات. CPU ـیەکەی 12 ناووکی هەیە و خێرایی تاک ناووکی دەگاتە 3.8 گێگاهێرتز و خێرایی فرە ناووکی دەگاتە 4.3 گێگاهێرتز. لە ڕووی زیرەکی دەستکردەوە زۆر بە ڕێژەی %55 باشتر کراوە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی و ئێستا دەتوانێت 45 تریلیۆن کردار لە هەر چرکەیەکدا ئەنجام بدات. GPU پرۆسێسەرەکە زۆر باشتر کراوە و پشتگیری لە 3 مۆنیتەری UHD دەکات.

کواڵکۆم دەڵێت پرۆسێسەرەکە وزەیەکی زۆر کەمتر بەکار دەبات بەراورد بە ڕکابەرەکانی و یەکەمین پرۆسێسەرە کە Always Sensing ISP لەسەر جێگیر کرابێت بۆ لاپتۆپەکان (ئەم تایبەتمەندییە بریتییە لە وەرگرتن و خوێندنەوەی شێوازی دەموچاوی بەکارهێنەر لە هەموو کاتێکدا و تەنانەت ئەو کاتەی کە لاپتۆپەکەشی بەکار ناهێنێت، بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە کردنەوەی قفڵی لاپتۆپەکان بە ناسەرەوەی ڕووخسار خێراتر و باشتر دەبێت و چەند سوودێکی دیکەشی هەیە).

پشتگیری لە Wi-Fi 7 و Bluetooth 5.4 دەکات. یەکەمین لاپتۆپ بە ئەم پرۆسێسەرە نوێیەوە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو نمایش دەکرێت.

کواڵکۆم دەڵێت ئەم پرۆسێسەرە بە نزیکەیی هەمان توانای پرۆسێسەری Intel Core i9-13980HX هەیە لە کاتێکدا %70 کەمتر وزە بەکار دەبات و خێراترە لە پرۆسێسەری Apple M2 Max لە کاتێکدا %30 وزە کەمتر بەکار دەبات.

لەگەڵ ئەوەش کۆمپانیاکە ڕایگەیاند GPUی پرۆسێسەرەکە بە نزیکەیی هاوئاستە لەگەڵ GPUی کۆنسۆڵی Xbox Series S و پشتگیری لە 3 مۆنیتەری 4K دەکات.

هەر لە میانەی کۆنگرەکەدا ئۆنەر ڕایگەیاند لە ناوەڕاستی ئەمساڵ لاپتۆپێک بەم پرۆسێسەرە نوێیەوە نمایش دەکەن.

سەرچاوە Windows Report
بۆچونی تۆ