ئۆنەر 2, ئازار 2026

ساڵی چێشتە گەرامکراوەکانە و ئۆنەر Magic V6 و لاپتۆپ و تابلێتێکی بە گۆڕانکاری کەمەوە نمایشکرد

کۆمپانیای ئۆنەر لە پێشانگای کۆنگرەی جیهانی مۆبایل ناسراو بە (MWC 2026) لە شاری بەرشەلۆنە، کۆمەڵێک ئامێری زۆر تەنک و پێشکەوتووی نمایشکرد. وشە سەرەکییەکانی ئەمساڵی ئۆنەر بریتی بوون لە “تەنکی” و بێگومان “ژیریی دەستکرد” (AI). لەم کۆنگرەیەدا، ئۆنەر مۆبایلی چەماوەی Honor Magic V6، تابلێتی MagicPad 4، و لاپتۆپی MagicBook Pro 14ـی بە فەرمی ڕاگەیاند.

لێرەدا پوختەی گرنگترین تایبەتمەندییەکانی هەر ئامێرێک دەخەینە ڕوو:

١. مۆبایلی چەماوەی Honor Magic V6 هەمان شتی ساڵی پارە بە کەمێک گۆڕانکارییەوە

ئۆنەر بۆ جارێکی تر هەوڵی داوە مۆبایلەکەی تەنکتر بکات و سنورەکان تێپەڕێنێت . مۆبایلی Magic V6 کاتێک دادەخرێت ئەستوورییەکەی تەنها ٨.٧٥ ملیمەترە (کە تەنکترە لە ڕکابەرە سەرسەختەکەی، Galaxy Z Fold 7ـی سامسۆنگ کە ٨.٩ ملیمەترە).

  • ڕوونما: ڕوونمای ناوەوەی ٧.٩٥ ئینجە بە ڕوونی (2352×2172) و هی دەرەوەشی ٦.٥٢ ئینجە، هەردووکیان خاوەنی تێکڕای نوێبوونەوەی 120Hzـن. شاشەکان بە کۆمەڵێک تەکنەلۆژیا پارێزراون وەک دژە-درەوشانەوە (Anti-glare) و کەمکردنەوەی فشار و زیان لەسەر چاو.

  • بەرگەگرتنێکی خەیاڵی: بۆ سەلماندنی بەرگەگرتنەکەی، ئۆنەر مۆبایلەکەی وەک قولاپی پەتێکی خلیسکێنە (Zipline) بەکارهێنا و کێشی کەسێکی هەڵگرت! ئەمەش بەهۆی چوارچێوە پۆڵایینە بەهێزەکەی و شووشەی پارێزەری نانۆ-کریستاڵییەوەیە.

  • هێز و پاتری: کار دەکات بە چیپی بەهێزی نەوەی نوێ Snapdragon 8 Elite Gen 5، لەگەڵ ١٦ گێگابایت ڕام و ٥١٢ گێگابایت بیرگە. هەروەها پاترییەکی زەبەلاحی ٦،٦٦٠ ملی ئەمپێری (سیلیکۆن-کاربۆن)ـی هەیە کە پشتگیری ٨٠ وات خێرایی بارگاویکردنەوەی بە وایەر و ٦٦ وات بێ وایەر دەکات.

  • کامێرا و AI: سێ کامێرای سەرەکی (٥٠ مێگاپیکسڵ سەرەکی، ٦٤ مێگاپیکسڵ زووم، ٥٠ مێگاپیکسڵ گۆشە فراوان) لەگەڵ دوو سێڵفی ٢٠ مێگاپیکسڵی لەخۆدەگرێت. هەروەها ژیریی دەستکردی Google Gemini تێیدا جێگیر کراوە. خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە دەتوانێت لەگەڵ ئامێرەکانی ئەپڵ پەیوەست بێت (وەک Apple Watch).

  • بەردەستبوون: لە نیوەی دووەمی ٢٠٢٦ بە چوار ڕەنگ (زێڕی، سوور، سپی، ڕەش) بەردەست دەبێت.

٢. تابلێتی Honor MagicPad 4: تەنها تەنکترە و گۆڕانکارییەکانی تر لاوەکین!

ئۆنەر پێی وایە تابلێتەکان دەبێت هێشتا تەنکتر بن. MagicPad 4 قەبارەی ڕوونماکەی ١٢.٣ ئینجە، بەڵام ئەستوورییەکەی تەنها ٤.٨ ملیمەترە کە بەراورد بە ئایپاد پرۆی ١٣ ئینجی ئەپڵ کە ٥.١ ملیمەترە.

ئەم تابلێتە بە چیپی Snapdragon 8 Gen 5 کار دەکات، بژاردەی ڕامی دەگاتە ١٦ گێگابایت. پاترییەکەی ١٠،١٠٠ ملی ئەمپێرە لەگەڵ بارگاویکەرەوەی خێرای ٦٦ وات.

لەڕووی دەنگ و ڕوونماوە، تێکڕای نوێبوونەوەی ڕوونماکەی دەگاتە 165Hz بۆ یارییەکان، و ٨ بڵندگۆی هەیە بۆ دەنگێکی دەوروبەری (Spatial Audio) نایاب. سیستەمەکەشی MagicOS 10 یە بنچینە لەسەر ئەندرۆید ١٦.

٣. لاپتۆپی Honor MagicBook Pro 14

ئەم لاپتۆپە نوێیە بۆ کاری پڕۆفیشناڵ و ڕۆژانە دروستکراوە. خاوەنی ڕوونمایەکی تەچی ١٤.٦ ئینجی OLEDـە بە تێکڕای نوێبوونەوەی 120Hz. پاترییەکەی دەتوانێت ١٥.٥ کاتژمێر بەرگەبگرێت و پشتگیری خێرا بارگاویکردنەوەی ١٠٠ وات دەکات. لاپتۆپەکە بە پڕۆسێسەرەکانی Intel Core Ultra 5 تا Ultra X9 بەردەست دەبێت، لەگەڵ کارتی شاشەی جۆری Intel Arc B370 یان B390. ڕامەکەی دەگاتە ٣٢ گێگابایت و خاوەنی چەندین دەرچەی پێویستە وەک USB-C و HDMI.

بە ڕاگەیاندنی ئەم ئامێرانە لە MWC 2026، ئۆنەر هەوڵی داوە ببێتە کێبڕکێکارێکی سەرسەختی بڕاندە دیارەکان لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەت لە بواری دیزاینی تەنک و بەکارهێنانی پاترییە پێشکەوتووەکانی جۆری سیلیکۆن-کاربۆن، کە ڕکابەرییەکی سەخت دەخاتە بەردەم سامسۆنگ و ئەپڵ.

بۆچونی تۆ