ژیری دەستکرد AI
21, ئایار 2025
گووگڵ پلانێکی مانگانەی 250 دۆلاری بە ناوی AI Ultra ڕاگەیاند
گووگڵ پلانێکی نوێی ژیری دەستکردی ڕاگەیاند کە دەتوانیت لە ڕێگەیەوە دەستت بگات بە پێشکەوتووترین و نوێترین ژیری دەستکردەکانی کۆمپانیاکە. پلانەکە نرخی مانگانەی 250 دۆلارە و ناوی AI Ultra، بەشداربووانی پلانەکە دەتوانن هەر یەک لە ژیری دەستکردی Gemini، NotebookLM، Whisk و Flow بەکار بهێنین.
هەروەها دەتوانیت وەشانی Gemini 2.5 Pro بەکار بهێنیت کە تایبەتمەندی بیرکردنەوە – Reasoning، توانای چارەسەرکردنی هاوکێشەی بیرکاری ئاڵۆز و کۆدینگی هەیە. هەروەها بەشداربووانی پلانەکە دەتوانن Gemini لە ناو وێبگەڕی Chrome بەکاربهێنن بۆ پوخت کردنەوەی زانیارییەکان و ئەنجامدانی ئەرکەکانی دیکە.

هەروەها بەشداربووان دەتوانن پرۆژەی Mariner بەکار بهێنن، کە نموونەیەکی ژیری دەستکردی گووگڵە دەتوانێت وەکو یاریدەدرێک یارمەتیت بدات لە تەواو کردنی ئەرکەکان، وەک بە کرێ گرتنی خانوو و هۆتێل، کڕینی کەل و پەل…هتد. هەروەها 30 تێرابایت لە بیرگەی هەوری Drive لە خۆ دەگرێت لەگەڵ بەشداریکردن لە پلانی YouTube Premium. پلانەکە ئێستا لە ئەمریکا بەردەستە و بەم زووانە بۆ وڵاتانی دیکەش بەردەست دەکرێت.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.