ئینتەرنێت 24, ئازار 2020

یوتیوب جۆرایەتی ڤیدیۆکانی تۆڕەکەی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ کەمتر لە HD سنووردار دەکات

تۆڕی یوتیوب دەست دەکات بە سنووردارکردنی جۆرایەتی ڤیدیۆکانی تۆڕەکەی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ کەمتر لە HD.

لە زاری پێگەی Bloomberg ـەو بێت، کۆمپانیای یوتیوبی سەر بە کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاندووە بە شێوەیەکی کاتی دەست دەکات بە سنووردارکردنی جۆرایەتی ڤیدیۆکانی تۆڕەکەی بۆ کەمتر لە HD لە سەرانسەری جیهاندا، بەو هیوایەی کە تۆڕەکە بە خێرایی و بێ کێشە بمێنێتەوە و بارێکی کەمتر لەسەر هاتوچۆی ڕایەڵەکان درووست ببێت.

لە هەفتەی ڕابردوودا یوتیوب ئەم سنووردارکردنەی لە ئەوروپا دەستپێکرد، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا سنووردارکردنەکە بەکارهێنەرانی سەرجەم ناوچەکانی جیهان دەگرێتەوە. ڕێکەوتی ئەنجامدانی سنووردارکردنە کاتییەکە و کۆتایی هاتنی ئاشکرا نییە.

جێگەی باسە ئەم سنووردارکردنە تەنها جۆرایەتی بنەڕەتی ڤیدیۆکان دەکات بە 480 پێکسڵ، بەڵام بەکارهێنەران دەتوانن بە جۆرایەتی HD و زیاتر بینەری ڤیدیۆکان ببن ئەگەر خواستیان لەسەر ببێت.

لە ئێستادا زۆرینەی ناوچەکانی جیهان بە هۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەرەنتینە کراون و هاوڵاتیان ناچار کراون تاوەکو لە ماڵەوە کاتەکانیان بەسەرببەن، بەمەش ئینتەرنێت دەبێتە کەرەستەی یەکەمی بەکارهێنان و دواجار ئەمەش دەبێتە هۆکاری زیادکردنی بارێکی زۆر لەسەر هاتوچۆی ڕایەڵەکانی وڵاتاندا.

پێشتر هەریەکە لە تۆڕەکانی Netflix و +Apple TV و +Disney هەمان سنووردارکردنیان بۆ تۆڕەکانیان لە ئەوروپادا بۆ هەمان مەبەست ئەنجامدابوو.

سەرچاوە MacRumors
بۆچونی تۆ