میدیاتێک 22, ئەیلوول 2025

میدیاتێک بەهێزترین چیپسێتی خۆی بۆ مۆبایلە زیرەکەکان نمایش کرد

پاش ئەوەی ئەپڵ نوێترین چیپسێتەکانی نمایش کرد، کۆمپانیاکانی دیکەی بواری چیپسێت درووست کردنیش بۆ ڕکابەری ئەپڵ نوێترین چیپسێتی خۆیان نمایش دەکەن.

میدیاتێک ئەمڕۆ چیپسێتی ئاست بەرزی Dimensity 9500 بە چەندین گۆڕانکاری گرنگەوە نمایش کرد.

بۆ یەکەمین جارە چیپسێتێکی میدیاتێک خاوەن ناوکێکی CPU زۆر خێرا و گەورە بێت بە خێرایی 4.21 گێگاهێرتز. هەروەها خاوەن 3 ناووکی ترە بە خێرایی 3.5 گێگاهێرتز و 4 ناوکی دیکە بە خێرایی 2.7 گێگاهێرتز. میدیاتێک دەڵێت چیپسێتە نوێیەکە %32 لە تاک ناوکدا و %16 لە فرە ناوکدا لە نەوەی پێش خۆی بەهێزترە.

هەروەها میدیاتێک ڕایگەیاند ناوکە گەورەکەی چیپسێتەکە %55 کەمتر وزە بەکار دەهێنێت بە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئەو کەسانەی کە یاری، ئێدت کردنی ڤیدیۆ یان هەر کارێکی هاوشێوە ئەنجام دەدەن.

ئەم چیپسێتە CPU ـەکەی پشتگیری لە SME2 دەکات کە پێوەکراوێکە بۆ باشتر کردنی کردارەکانی زیرەکی دەستکرد. بەهۆی ئەم پێوەکراوە میدیاتێک دەڵێت ئەم نەوەیە %57 باشترە لە دیاری کردنی تەنەکان بە زیرەکی دەستکرد و %50 کەمتر وزە بەکار دەهێنێت بەراورد بە نەوەی پێش خۆی.

دەربارەی گرافیک، چیپسێتەکە گرافیکی Arm Mali G1-Ultra MC12 لەسەر جێگیر کراوە کە %33 لە ئەوپەڕی کارایی باشترە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی. هەروەها %42 کەمتر وزە بەکار دەهێنێت و %119 باشترە بۆ کارپێکردنی تایبەتمەندی Ray Tracing بەراورد بە نەوەی پێش خۆی. ئەم چیپسێتە نوێیە پشتگیری لە 120 وێنە لە چرکەیەکدا دەکات لە دۆخی Ray Tracing بەڵام میدیاتێک دیاری نەکردووە لە چ یارییەک.

سەبارەت بە زیرەکی دەستکرد، چیپسێتەکە بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و بەهۆی NPU 990 ئێستا دەتوانێت وێنە بە ڕوونی 4K بە زیرەکی دەستکرد درووست بکات. هەروەها پشتگیری لە 128,000 تۆکن دەکات لە کاتێکدا نەوەی پێش خۆی 32,000 تۆکن بوو. پشتگیری لە ڕامی جۆری LPDDR5X و بیرگەی جۆری UFS4.1 دەکات. مۆدێمی تۆڕی نەوەی پێنجەمی خێراترە لە نەوەی پێش خۆی و لەسەر بنچینەی 3 نانۆمەتری درووست کراوە. سەبارەت بە کامێرا، پشتگیری لە ڕوونی تاوەکو 200 مێگاپێکسڵ دەکات. هەروەها پشتگیری لە تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 4K و 60 وێنە لە چرکەیەکدا دەکات بۆ دۆخی پۆرترەیەت. لەگەڵ ئەوەش یەکەمین چیپسێتی ئەندرۆیدە کە پشتگیری لە تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 4K و 120 وێنە لە چرکەیەکدا بکات بە کارپێکردنی تایبەتمەندی Dolby Vision. هەروەها پشتگیری لە تۆمار کردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 8K و 60 وێنە لە چرکەیەکدا دەکات بە شێوەیەکی ئاسایی. یەکەمین چیپسێتیشە کە پشتیگری لە ڕوونمای 1 نێت بکات (بە کەمترین ڕووناکی دادەنرێت لە ڕوونمادا و بۆ پاراستنی چاوە لە تیشکە زیانبەخشەکان).

میدیاتێک دەڵێت ئەو مۆبایلانەی کە ئەم چیپسێتەیان لەسەر جێگیر دەکرێت لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ نمایش دەکرێن و پێشبینی دەکرێت ئۆپۆ و ڤیڤۆ یەکەمین براندەکان بن ئەم چیپسێتە لە مۆبایلەکانیاندا بەکار بهێنن.

سەرچاوە Android Authority
بۆچونی تۆ