رەقەکاڵا
24, ئەیلوول 2025
کواڵکۆم بەهێزترین چیپسێتی خۆی بۆ مۆبایلە زیرەکەکان نمایش کرد: نوێکراوەتەوە

کەمێک پێش ئێستا کواڵکۆم چیپسێتی Snapdragon 8 Elite Gen 5 نمایش کرد. ئەمە بەهێزترین بەرهەمی کۆمپانیای کواڵکۆمە بۆ مۆبایلە ئاست بەرزەکانی ئەندرۆید. بەراورد بە نەوەی پێش خۆی بە شێوەیەکی گشتی %20 بەهێزترە و %35 کەمتر وزە بەکار دەبات. لەسەر بنچینەی 3 نانۆمەتری درووست کراوە و خاوەن 2 ناووکی گەورەیە بە خێرایی 4.6 گێگاهێرتز و 6 ناووکی بە خێرایی 3.62 گێگاهێرتزییە. گرافیکی چیپسێتەکە %23 چوستی زیاترە و %20 کەمتر وزە بەکار دەهێنێت. بۆ یەکەمین جارە چیپسێتەکانی کواڵکۆم پشتگیری لە تایبەتمەندییەکانی Unreal Engine 5 وەک Ray Tracing بکات.
تەواوی تایبەتمەندییەکانی چیپسێتەکە.
بۆ ڤیدیۆ تۆمار کردن پشتگیری لە تۆمار کردنی ڤیدیۆ تاوەکو 8K و 120 وێنە لە چرکەیەکدا دەکات. مۆدێمی نوێی X85 5G لەسەر جێگیر کراوە کە خێراترە و کەمتر وزە بەکار دەبات بەراورد بە نەوەی پێش خۆی. چیپی نوێی Qualcomm Hexagon NPU بۆ زیرەکی دەستکرد لەسەر جێگیر کراوە کە %37 خێراترە و باشتر گونجێندراوە بۆ کار پێکردنی مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد. یەکەمین کۆمپانیا کە ئەم چیپسێتە لەسەر مۆبایلەکانی جێگیر بکات کۆمپانیای شاومی دەبێت. بۆ یەکەمین جارە چیپسێتێکی مۆبایلە زیرەکەکان پشتگیری لە فۆرماتی APV بۆ تۆمار کردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی بەرز. هەروەها لە کۆتایی بۆنەکەدا کواڵکۆم چیپسێتێکی دیکەی بە ناوی Snapdragon 8 Gen 5 ڕاگەیاند واتە جۆری Elite نییە. ئەم چیپسێتە تایبەتمەندی کەمترە لە جۆری Elite بەڵام هێشتا تایبەتە بە مۆبایلە ئاست بەرزەکان. کواڵکۆم دەڵێت ئەم چیپسێتە خاوەن 8 ناووکە و ناووکی سەرەکی خێرایی 3.8 گێگاهێرتز و 7 ناووکەکەی دیکە خێرایی 3.32 گێگاهێرتزە. بنچینەکەی 3 نانۆمەترییە و یەکەمین کۆمپانیا وەن پڵەس دەبێت کە لەسەر مۆبایلێکی جێگیری بکات لە کۆتایی ئەمساڵ. هەروەها لە ڕووی گرافیک و زیرەکی دەستکردەوە باشتر کراوە.
*نوێکراوەتەوە: کواڵکۆم هەندێک زانیاری لەسەر چیپسێتی Snapdragon 8 Gen 5 ئاشکرا کرد.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.