ڕاپۆرت و توێژینەوەکان
12, کانوونی دووەم 2026
بازرگانی تەکنەلۆژی لە نێوان داهێنان و فێڵ: لاپتۆپی بۆیاغکراو وەک نموونە

بازرگانی تەکنەلۆژی تەنها پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی ئامێرەکان نییە، بەڵکو هونەری گۆڕینی زانیارییە تەکنیکییەکانە بۆ خزمەتگوزارییەک کە ژیانی بەکارهێنەر ئاسان بکات. بەڵام کاتێک ئەم بازرگانییە لە بنەما ئەخلاقییەکانی لادەدات، دیاردەی وەک “لاپتۆپی بۆیاغکراو” سەرهەڵدەدەن، کە تێیدا تەکنەلۆژیا نەک بۆ باشترکردنی کوالێتی، بەڵکو بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان بەکاردێت.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، کڕینی لاپتۆپ بووەتە کارێکی پڕ لە مەترسی، چونکە جیاوازی نێوان لاپتۆپی “بۆیاغکراو” و “بێ بۆیاغ” وەک جیاوازی نێوان سەیارەی لێدراو و بێ بۆیاغی لێ هاتووە.
واقیعی بازاڕ: لە دوبەیەوە بۆ هەرێمی کوردستان
لە ڕابردوو و ئێستادا، بازرگانەکان بڕێکی زۆر لاپتۆپی “ستۆک” داخڵی هەرێم دەکەن. لەم نێوەندەدا دوو جۆر کاڵا هەیە:
لاپتۆپی بێ بۆیاغ (ئۆرجیناڵ): ئەمە وەک سەیارەی بێ بۆیاغ وایە. هیچ گرفتێکی تەکنیکی نییە، ڕەنگەکەی کاڵ نابێتەوە و هیچ کێشەیەکی لە “خەریتە”، “ڕام” و “هارد”دا نییە چونکە ئامێرەکە وەک خۆی ماوەتەوە.
لاپتۆپی بۆیاغکراو: ئەم جۆرەیان وەک سەیارەی وەرگەڕاو و لێدراو بیهێنە پێش چاوت کە لە دوبەی چاک دەکرێتەوە. بە پینە و پەڕۆ و بۆیاغێکی بریقەدار عەیبەکانی دەشارنەوە. ئەم ئامێرانە بە نرخی زۆر هەرزان دەگەنە دەستی بازرگان، بەڵام بە داخەوە زۆرجار بەناوی “پاک و بێ عەیب” بە کڕیار دەفرۆشرێنەوە.
کێشە و گرفتەکان: بۆچی لاپتۆپی بۆیاغکراو مەترسیدارە؟
زۆرێک لە کڕیاران لە شارەکانی وەک سلێمانی و هەولێر و ناوچەکانی تری کوردستان، تووشی ئەم کێشەیە بوون. کڕیارەکە لاپتۆپێکی بینیوە وەک ئاوێنە دەدرەوشێتەوە، بەڵام دوای چەند مانگێک ڕاستییەکان دەرکەوتوون:
کاڵبوونەوەی ڕەنگ: ئەو بۆیاغە دەستکردەی لێی دراوە، بەرگەی ئارەقەی دەست و گەرمی ناگرێت و وەک توێکڵ لێ دەبێتەوە.
تێکچوونی ڕام و هارد: زۆرجار بۆیاغکردنەکە بۆ شاردنەوەی لێدانێکی بەهێز یان ئاوپیاڕژان بووە. گەرمی زیادە کە بەهۆی بۆیاغەکەوە دروست دەبێت، زیان بە “خەریتە” (Motherboard) دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی سووتانی ڕام یان دروستبوونی Bad Sector لە هارددا.
چۆن خۆمان بپارێزین؟ (چارەسەر)
لە بازاڕێکدا کە زۆرجار متمانە تێیدا کەمە، دەبێت کڕیار هۆشیار بێت. باشترین چارەسەرەکان ئەمانەن:
بردنی کەسی شارەزا: کاتێک دەچیت بۆ کڕین، هەرگیز بە تەنیا مەچۆ ئەگەر شارەزاییت نییە. کەسێکی تەکنیکی دەتوانێت لە وردەکاری لۆگۆکان، کونی پۆرتەکان و، وە لە ئامێرەکە تێبگات کە ئایا بۆیاغە یان نا.
ویژدانی فرۆشیار: ئەمە گرنگترین خاڵە. دەبێت فرۆشیار ئەوەندە ویژدانی هەبێت کە ڕاستییەکە بە کڕیار بڵێت. بازرگانییەکی سەرکەوتوو ئەوەیە کە کڕیار جارێکی تریش بگەڕێتەوە بۆ لات، نەک بە یەکجار فێڵکردن ناوی خۆت بزڕێنیت.
پشکنینی ناوەوە: داوا بکە لاپتۆپەکەت بۆ پشکنین بکەنە ناو بەرنامەکانی وەک (CrystalDiskInfo) بۆ زانینی تەندروستی هاردەکە، چونکە بۆیاغ ناتوانێت عەیبی ناو هارد و ڕام بشارێتەوە.
کۆتایییەکی ئەخلاقی (بۆ بازرگان و کڕیار)
“بازرگانی تەکنەلۆژیا تاقیکردنەوەی ویژدانە پێش ئەوەی تاقیکردنەوەی گیرفان بێت. با ‘بۆیاغ’ نەبێتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان لە کڕیار. لە بازاڕەکانی کوردستاندا، ئێمە تینووی متمانەین؛ فرۆشیارێکی ڕاستگۆ کە عەیبی کاڵاکەی دەڵێت، سەرمایەیەکی گەورەتر بۆ خۆی کۆدەکاتەوە وەک لەو قازانجە کاتییەی کە لە فرۆشتنی لاپتۆپێکی ‘پینە و پەڕۆ کراو’ دەستی دەکەوێت. هەمیشە بێ بۆیاغی هەڵبژێرە، چونکە ڕاستییەکان هەرگیز کاڵ نابنەوە.”