ژیری دەستکرد AI 19, شوبات 2026

گووگڵ مۆدێلی ژیری دەستکردی Gemini 3.1 Proی ڕاگەیاند: قۆناغێکی نوێ بۆ شیکارکردنی هاوکێشە و گرفتە ئاڵۆزەکان

دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا گووگڵ مۆدێلی Gemini 3 Proی خستە بازاڕەوە، ئەمڕۆ بە فەرمی وەشانی نوێی Gemini 3.1 Proی ڕاگەیاند. ئەمە یەکەمجارە گووگڵ بازدانێکی پۆینت یەک (.1) ئەنجام بدات، چونکە لە نەوەکانی پێشوودا نوێکردنەوەکانی ناوەڕاستی ساڵ بە پۆینت پێنج (.5) دەناسران. کۆمپانیاکە دەڵێت ئەم مۆدێلە نوێیە بە تایبەتی بۆ ئەو کارانە دروستکراوە کە “وەڵامێکی سادەیان بەس نییە.”

توانای بیرکردنەوە و شیکاریی دوو هێندە دەبێت

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی گووگڵ، مۆدێلەکە “هەنگاوێکی گەورەیە لە توانای بیرکردنەوە و لۆژیکدا (Core Reasoning)”. ئەم پێشکەوتنەش پشت دەبەستێت بەو ژیرییە بنەڕەتییەی کە هەفتەی ڕابردوو لە مۆدێلی Gemini 3 Deep Thinkدا بینرا.

لە تاقیکردنەوەی پێوانەیی ARC-AGI-2، کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی توانای مۆدێلەکان بۆ چارەسەرکردنی نەخشی لۆژیکیی نوێ، مۆدێلی 3.1 Pro توانیویەتی نمرەی سەرنجڕاکێشی 77.1% بەدەستبهێنێت. ئەمەش واتە توانای شیکارکردن و بیرکردنەوەی زیاتر لە دوو هێندەی مۆدێلی 3 Proـیە.

لە پڕۆگرامسازییەوە تا توێژینەوە و پەروەردە

ئەم ئاستە بەرزەی بیرکردنەوە (Advanced Reasoning) یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ شیکارکردنی کێشە قورسەکانی ڕۆژانە. مۆدێلەکە دەتوانێت کۆدی ئاڵۆز بنووسێت، وێنەی جوڵاوی وەک (Animated SVGs) ڕاستەوخۆ بە کۆد لە دەقەوە دروست بکات، و تەنانەت لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ئەپی جیاوازەوە (APIs) زانیارییە زیندووەکانی وەک جووڵەی وێستگەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی بخاتە سەر شاشەیەکی ڕێکخراو.

جگە لە لایەنی پڕۆگرامسازی، ئەم جۆرە مۆدێلە بیرکەرەوانە دەسکەوتێکی گەورەن بۆ کەرتی پەروەردە و توێژینەوەی ئەکادیمی. بۆ مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی بواری زمان و فێربوون، ئەم توانایە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ شیکارکردنی داتای قورس، دروستکردنی پرۆگرامی فێرکاریی پێشکەوتوو بۆ خوێندکاران، یان ڕوونکردنەوەی بابەتە ئاڵۆزەکان بە شێوازێکی بینراو و سادە، کە ئەمەش خزمەتێکی گەورە بە پرۆسەی فێربوونی زمان و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەکات لە وانەوتنەوەدا.

کێ دەتوانێت بەکاریبهێنێت؟

گووگڵ لە ئێستادا مۆدێلەکەی بە وەشانی تاقیکاری (Preview) بەردەست کردووە بۆ ئەوەی پێش خستنەبازاڕی گشتی، تاقیکردنەوەی زیاتری لەسەر بکرێت بەتایبەتی لە بواری (Agentic workflows). لە ئێستادا بەم شێوەیە بەردەستە:

  • بۆ بەکارهێنەرانی ئاسایی: لە ڕێگەی ئەپی Gemini و خزمەتگوزاری NotebookLM، بەڵام تەنها بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی بەشداربووی پلانی Google AI Pro یان Ultraـن.

  • بۆ گەشەپێدەران و کۆمپانیاکان: لە ڕێگەی Gemini API لە ناو Google AI Studio، و هەروەها لەسەر پلاتفۆرمەکانی Antigravity, Vertex AI, Gemini Enterprise, Gemini CLI و Android Studio.

ئێمە لە کەی ئای تی ئێن (Kitn.net) بەردەوام چاودێری ئەم پێشکەوتنانە دەکەین. هاتنی مۆدێلێکی وا بەهێز دەیسەلمێنێت کە ئاڕاستەی نوێی ژیریی دەستکرد بەرەو چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەڕوات کە پێویستیان بە بیرکردنەوەی قووڵ و هەنگاو بە هەنگاو هەیە.

تاگەکان Gemini Gemini3.1Pro
بۆچونی تۆ