Open AI
6, ئازار 2026
لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی ئابڕووی کۆمپانیاکە OpenAI مۆدێلی GPT-5.4ی ڕاگەیاند کە کۆمپیوتەرەکەت کۆنتڕۆڵ دەکات!

کۆمپانیای OpenAI لە ئێستادا بە قەیرانێکی گەورەی متمانەدا تێدەپەڕێت. دوای ئەوەی بڕیاریدا گرێبەست و کار لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بکات، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توندی جەماوەری بووەوە. ئەم توڕەییە دوای ئەوە زیاتر بوو کە کۆمپانیای ڕکابەری ناسراو بە Anthropicی پەرەپێدەری Claude بە ئاشکرا ڕەتیکردەوە یاساکانی سەلامەتی خۆی بۆ خاتری پێنتاگۆن بشکێنێت. بەهۆی ئەم کێشەیەوە، نەک هەر کارمەندەکانی ناوخۆی OpenAI دژی بڕیارەکە وەستانەوە، بەڵکو نزیکەی ١.٥ ملیۆن بەکارهێنەریش پلاتفۆرمەکەیان جێهێشت، بەجۆرێک ڕێژەکە لە %٢٦٠ تێپەڕیکرد.
ئێستا، بۆ ئەوەی ئەم شکستە گەورەیە بشارێتەوە و سەرنجی خەڵک ڕابکێشێتەوە، مۆدێلی ئاستبەرزی GPT-5.4ی ڕاگەیاندووە.
گەورەترین گۆڕانکاری دیار و ئاشکرا لەم مۆدێلەدا ئەوەیە کە یەکەمین مۆدێلی گشتییە خاوەنی توانای “بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی کۆمپیوتەرە” واتا Native computer-use. ئەمە واتە GPT-5.4 دەتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەپ و بەرنامەکان لەناو کۆمپیوتەرەکەتدا بکاتەوە، فەرمان بە ماوس و تەختەکلیک بدات و کارەکانت بۆ جێبەجێ بکات! بۆ سەلماندنی ئەمەش، مۆدێلەکە پلەی یەکەمی لە تاقیکردنەوەکانی OSWorld-Verified و WebArena Verified بەدەستهێناوە کە تایبەتمەندن بە هەڵسەنگاندنی توانای کۆنتڕۆڵکردنی کۆمپیوتەر.

هەروەک ئەم مۆدێلە تواناکانی بیرکردنەوە، کۆدنووسین و کارکردنی وەک بریکارێک Agent لە یەک شوێندا کۆکردووەتەوە و پلەی یەکەمی لە پێوەری APEX-Agents بۆ کارە پڕۆفیشناڵەکان گرتووە. بۆ بەکارهێنەری ئاساییش زۆر باشتر بووە؛ بەراورد بە مۆدێلی پێشووی GPT-5.2، وەڵامەکانی بە ڕێژەی ٣٣٪ کەمتر هەڵەیان تێدایە، بە گشتی ڕێژەی هەڵەکردنی ١٨٪ کەمتر بووەتەوە، و کێشەی دروستکردنی زانیاری هەڵە Hallucination زۆر کەمتر بووەتەوە.
کێ دەتوانێت بەکاری بهێنێت؟ ئەم مۆدێلە لە ئێستادا بۆ بەکارهێنان بەردەستە و بەسەر دوو جۆردا دابەش بووە:
-
وەشانی GPT-5.4 Thinking: بۆ ئەو بەکارهێنەرانەیە کە بەشداربووی پلانەکانی (Plus, Teams, Pro)ن.
-
وەشانی GPT-5.4 Pro: لە ڕێگەی APIـیەوە، و هەروەها بۆ بەشداربووانی (Enterprise و Edu) بەردەست دەبێت.
ئەوەی سەرەنجڕاکێشە، کەمبوونەوەی هەڵەکانە لە وەڵامەکانی ChatGPT، بەڵام بەداخەوە ئەمە گرەنتی ئەوە ناکات کە هەڵەکانی بڕیاردانی خودی سام ئەڵتمانی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە کەم ببنەوە. ئایا پێت وایە ئەم گۆڕانکاریانەی سەرەوە ئەوەندە سەرەنج ڕاکێشن، وا دەکات خەڵک گرێبەستەکەی وەزارەتی بەرگریان بیربچێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ لای OpenAI؟
بۆ زانیاری زیاتر خوێنەری ئەم هەواڵە بن 👇
جەنگی ژیریی دەستکرد: کێشەیەکی سیاسی چاتبۆتی Claude گەیاندە لوتکە!
وەشانی ChatGPT 5.3 Instant بە چاکسازی لە وردی وەڵام و گەڕان لە ئینتەرنێت ڕاگەیاندرا
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!