ئەپڵ 16, نیسان 2020

ئەپڵ تەختەکلیلی زیرەکی نوێی Magic Keyboard ـی بۆ ئایپاد بەردەستکرد بۆ کڕین

لەگەڵ ڕاگەیاندنی نەوەی چوارەمی تابلێتی iPad Pro لە مانگی ڕابردوودا، کۆمپانیای ئەپڵ تەختەکلیلی Magic Keyboard ـیشی بە هەبوونی جوڵێنەری Trackpad ـەوە ڕاگەیاند.

وەکو یەکەم تەختەکلیلی زیرەکی نوێی ئەپڵ، تەختەکلیلی Magic Keyboard خاوەن جوڵێنەری Trackpad ـە هاوشێوەی لاپتۆپەکان و سیستەمی iPadOS ـی ئایپادەکان بە تەواوی لەگەڵ ئەم جوڵێنەرە گونجێندراون، هاوکات خاوەن دەرچەی USB-C ـە بۆ بارگاویکردنەوە. بە پێچەوانەی تەختەکلیلی زیرەکی Smart Keyboard Folio ـی پێشترەوە، ئەم تەختەکلیلەیان تەنها پشتگیری لە iPad Pro نوێیەکان دەکات.

ئەپڵ لەگەڵ ڕاگەیاندنی تەختەکلیلەکەدا، ڕایگەیاند کە لە مانگی مایس بەردەست دەکرێت، بەڵام کۆمپانیاکە ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە بەردەست دەکرێت بۆ کڕین بە شێوەی داواکاری پێشەوەختە و لە هەفتەی داهاتوودا بۆ هەمووان بەردەست دەکرێت. نرخی تەختەکلیلەکە 299$ ـە بۆ iPad Pro ـی 11 ئینجی و 349$ ـە بۆ iPad Pro ـی 12.9 ئینجی.

هەروەها ئەپڵ داشکاندنی لە نرخی تەختەکلیلی زیرەکی Smart Keyboard Folio ـیشدا کرد و نرخی داشکاند بۆ 179$ بۆ iPad Pro ـی 11 ئینجی و 199$ بۆ iPad Pro ـی 12.9 ئینجی.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ