سامسۆنگ 26, تەممووز 2023

مۆبایلی Galaxy Z Flip 5 نمایش کرا

سامسۆنگ بۆ یەکەمین جار کۆنگرەی Unpackedی لە کۆریای باشوور بەست و نوێترین مۆبایل و تابلێت و کاتژمێرە زیرەکەکانی تێدا نمایش کرد و لە نێویاندا مۆبایلی چەماوەی Galaxy Z Flip 5.

مۆبایلە چەماوە نوێیەکەی سامسۆنگ گۆڕانکاری زۆر و بەرچاوی تێدا کراوە. دیزاینێکی نوێکراوە کە ئێستا لە کاتی چەماوەنەوەدا بە تەواوەتی تەخت دەبێت، ڕوونمای دووەم لە بەشی دواوەیدا نزیکەی 4 هێندە گەورەتر کراوە و ئێستا 3.4 ئینجە، بە ڕادەیەک گەورەیە کە دەتوانیت بە تەواوەتی تەختەکلیلی لەسەر بەکاربهێنیت.

کێشی 187 گرامە و بە ئەلەمنیۆم ڕووپۆش کراوە و پارێزەری بەهێزی Gorilla Glass Victus 2 لە پێش و پاشیدا بوونی هەیە. بڕوانامەی IPX8 کە مانای وایە بەرگەی ئاو دەگرێت لە قووڵی 1 مەتر بۆ ماوەی نیو کاتژمێر.

ڕوونمای سەرەکی قەبارەی 6.7 ئینجە لە جۆری Dynamic AMOLED 2X بە ڕوونی +FHD و تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز و ڕووناکییەکەی بەرز دەبێتە بۆ ١٧٥٠ نیت بۆ بەکارهێنانی لە ژێر خۆردا بێ کێشەیە.

ڕوونمای دووەم قەبارەی 3.4 ئینجە لە جۆری Super AMOLED بە ڕوونی 720 * 748 پێکسڵ و تێکڕای نوێبوونەوەی 60 هێرتزە و بەکارهێنانی ئەم مۆبایلەی زۆر ئاسان کردووە بە جۆرێک زۆرترین زانیاری دەتوانیت لەسەر ئەم ڕوونمایە ببینیت و تەنانەت ئەپە جیاجیاکانیش کارپێ بکەیت.

چوستی ئەم مۆبایلە لە ئاستێکی باڵادایە، بەجۆرێک چیپسێتی تایبەتی Snapdragon 8 Gen 2 for Galaxy لەسەر جێگیر کراوە و خێرایی زیاترە و کردارە جیاجیاکان بە یاریکردنیشەوە دەتوانیت لەم مۆبایلە بە ئاستێکی بەرز کارپێ بکەیت.

لە ڕووی کامێراوە، لە دواوەیدا 2 کامێرای 12 مێگاپێکسڵی هەیە، کە دانەیەکیان سەرەکی و دانەیکیان گۆشە فراوانە، بە جۆرێک توانای چرکاندنی وێنەی زۆر وردیان هەیە و ڤیدیۆ تاوەکو 4K بە 60 فرەیم لە چرکەیەکدا تۆمار دەکات و دۆخی Super Steady Mode هەیە بۆ جێگیرکردنی ڤیدیۆ بەشێوەیەکی زۆر ئاست بەرز. هەروەها کامێرای سێڵفی ڕوونی 10 مێگاپێکسڵە و بە هەمان شێوەی کامێرای پێشەوە وێنەی زۆر ئاست بەرز دەچرکێنێت و ڤیدیۆ تاوەکو 4K بە 60 فرەیم لە چرکەیەکدا تۆماردەکات. هەروەک بیریشمان نەچێت، بەهۆی بوونی ڕوونمای دووەم بە ئاسانی دەتوانیت کامێرای پشتەوە بۆ چرکاندنی وێنەی سێڵفی بەکاربهێنیت کە ڕکاربەری نییە.

سەبارەت بە پاتریەکەی، قەبارە 3,700 مللی ئەمپێرە بە بارگاوی کەرەوەی 25 واتی وایەر و 15 واتی بێتەل لە خۆ دەگرێت. بەهۆی ئەوەی چیپەکەی چوستی باشترە و کەمتر وزەی پێویستە ئەم نەوەیە لەچاو نەوەی پێشتر زیاتر بەرگە دەگرێت.

ئەوەی ماوەتەوە باسی بکەین ڕووکاری سیستەمەکەیەتی کە بریتییە لە OneUI5.1.1 بنچینە لەسەر ئەندرۆید ١٣. سامسۆنگ بەڵێنی ٤ ساڵ نوێکردنەوەی ئەندرۆید بە بەکارهێنەرانی دەدات کە دەکاتە تاوەکو ئەندرۆید ١٧. ئەمەش زۆر تایبەتە و کەمتر کۆمپانیاکانی تر ئەم بەڵێنە بە بەکارهێنەرانیان دەدەن. ڕووکاری OneUI بۆ گالەکسی زێد فلیپ کۆمەڵێک نوێکاری تایبەتی تێدا زیادکراوە بەتایبەت بۆ ڕوونمای دەرەوە Cover Display تاوەکو بەکارهێنەر بتوانێت بە ئاسانی دەستکاری بکات و بەپێی خواستی خۆی ڕێکی بخات.

هەروەک سامسۆنگ کۆمەڵێک کەڤەری زۆر تایبەتی بۆ گالەکسی زێد فلیپ ٥ بەردەست کردوون و لەناویشیاندا کۆمەڵێک کەڤەرن کە هەر کاتێک دەیخەیە سەر مۆبایلەکە ڕوونمای دەرەوە خۆی لەگەڵ دەگونجێنێت لە ڕووی دیزاینەوە و Cover Display پاشبنەماکەی دەگۆڕێت.

نرخی ئەم مۆبایلە بەپێی شوێن دەگۆڕێت، بەڵام لە عێراق بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 8 گێگابایت بریتییە لە 879 دۆلار.

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوی فەرمی سامسۆنگ لە عێراق و کوردستان 

سەرچاوە GSM Arena
تاگەکان Samsung سامسۆنگ
بۆچونی تۆ