ژیری دەستکرد AI
2, نیسان 2024
سامسۆنگ دەیەوێت یاریدەدەرە کەسییەکەی بە زیرەکی دەستکرد بەهێز بکات

بەڕێوبەرێکی سامسۆنگ بە ماڵپەڕی CNBC ڕاگەیاندووە ئەوان زۆر بەسەختی کار دەکەن بۆ باشتر کردنی یاریدەدەری کەسی Bixby و تێکەڵ کردنی لەگەڵ زیرەکی دەستکرد. ئەمەش وا دەردەکەوێت کە سامسۆنگ Geminiی کۆمپانیای گووگڵ وەک ڕکابەرێک ببینێت، نەوەک جێگرەوەیەک.
سەرەتای ئەمساڵ کۆمپانیای سامسۆنگ چەندین تایبەتمەندی زیرەکی دەستکردی لە مۆبایلەکانیدا جێگیر کرد، بێگومان بە ڕێکەوتن لەگەڵ گووگڵ و بەکارهێنانی مۆدێلی زمانی گەورەی Gemini Nano، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو کەمترین باس لە یاریدەدەری کەسی کرا. وا دیارە سامسۆنگ ئەم پلانەی هەبووە، چوونکە دەیتوانی Bixby بگۆڕێت بە یاریدەدەرێکی دەنگی کە بە Gemini بەهێز کرابێت.
جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری مۆبایل لە کۆمپانیای سامسۆنگ، بە کەناڵی سی ئێن بی سی ڕاگەیاندووە، “پێموایە دەبێت ڕۆڵی Bixby پێناسە بکەینەوە، بۆ بتوانرێت Bixby لەگەڵ زیرەکی دەستکرد تێهەڵکێش بکرێت”، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە “ یاریدەدەرە کەسییەکە زیرەکتر بێت ” و توانای گفتوگۆکردنی سروشتی زیاتری هەبێت. لە ئێستادا سامسۆنگ تاکە کۆمپانیای تەکنەلۆژی نییە کە سەرقاڵی زیاد کردنی زیرەکی دەستکردە بۆ یاریدەدەری دەنگی، بەڵکو چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ لە WWDCی ئەمساڵدا Siri تێهەڵکێش کراو بە زیرەکی دەستکرد ڕابگەیەنێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.