ئای ئۆ ئێس
15, تشرینی یهكهم 2019
ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.1.3 و iPadOS 13.1.3 ـی بە چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکەوە بەردەستکرد

لە دوای ماوەیەک لە بەردەستنەکردنی وەشانی نوێوە، کۆمپانیای ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.1.3 و iPadOS 13.1.3 ـی بە چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکەوە بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەستکرد.
ئەپڵ بە تایبەتی کاری لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان کردووە لە وەشانەکانی iOS 13.1.3 و iPadOS 13.1.3 ـدا. قەبارەی وەشانی iOS 13.1.3 زیاتر لە 130 مێگابایتە بۆ iPhone XS Max و بۆ ئایفۆنە کۆنەکانی دیکە کەمترە. قەبارەی وەشانی iPadOS 13.1.3 ـیش نزیکەی 71 مێگابایتە.
ئەمانە سەرجەم گۆڕانکارییەکانی وەشانەکانی iOS 13.1.3 و iPadOS 13.1.3 ـن:
- چارەسەرکردنی کێشەی زەنگ لێدان لە کاتی هاتنی تەلەفۆنەکاندا.
- چارەسەرکردنی کێشەی کردنەوەی بانگهێشتکراوەکان لە ئەپی Mail.
- چارەسەرکردنی کێشەیەک لە ئەپی Health کە هەندێک جار لە دوای خۆرهەڵهاتنەوە بە تەواوی کاتەکانی نیشان نەدەدا.
- چارەسەرکردنی کێشەیەک لە ئەپی Voice Memos کە هەندێک جار دەنگە تۆمارکراوەکان دانەدەبەزێندران لە دوای گەڕاندنەوەی iCloud.
- چارەسەرکردنی کێشەی داگرتنی گەڕێندراوەکان لە iCloud Drive.
- چارەسەرکردنی کێشەیەک کە نەیدەهێشت چەسپاندنی Apple Watch ـەکان بە سەرکەوتوویی تەواو ببێت.
- چارەسەرکردنی کێشەیەک کە هەندێک جار دەبووە هۆی ڕەوانە نەکردنی ئاگادارکەرەوەکان بۆ Apple Watch.
- چارەسەرکردنی کێشەی ناپەیوەستبوونی خودکارانەی Bluetooth لە هەندێک ئۆتۆمبێل.
- باشترکردنی پەیوەندی نێوان Bluetooth و بیستۆکە بێوایەرەکان.
- باشترکردنی بەکارهێنانی ئەپەکان لەگەڵ Game Center ـدا.
چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشان لە iOS:
- کردنەوەی ئەپی Settings
- کردنەوەی بەشی General
- کردنەوەی بەشی Software Update
- کرتە کردن لە Download and install
تێبینی بۆ نوێکردنەوەی وەشان:
- پێویستە وزەی پاتری ئامێرەکەت لە 50% زیاتر بێت.
- پێویستت بە ئینتەرنێتی وایفای هەیە بۆ نوێکردنەوەی وەشان.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.