ئەپڵ
29, تشرینی یهكهم 2019
ئەپڵ وەشانی watchOS 6.1 ـی بە پشتگیری لە زنجیرەی یەکەم و دووەمی Apple Watch و زیاترەوە بەردەستکرد

لە پاش بەردەستکردنی وەشانەکانی iOS 13.2 و iPadOS 13.2 لە دوێنێ شەو و وەشانی macOS Catalina 10.15.1 لە ئەمشەودا، ئەپڵ وەشانی watchOS 6.1 ـیشی بە پشتگیریکردن لە زنجیرەی یەکەم و دووەمی Apple Watch و زیاترەوە بەردەستکرد.
وەشانی watchOS 6.1 پشتگیری لە لە زنجیرەی یەکەم و دووەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch دەکات لە پاڵ زنجیرەکانی سێیەم تاوەکو پێنجەم. وەشانی watchOS 6.0 کە لە سەرەتاکانی ئەم مانگەدا بەردەستکرا، پشتگیری لە زنجیرەی یەکەم و دووەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ـی نەکرد، ئەپڵ گوتی لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا وەشانەکە پشتگیری لە زنجیرە ئاماژەپێکراوەکان دەکات.

قەبارەی وەشانەکە 340 مێگابایتە بۆ زنجیرەی چوارەم و بۆ زنجیرە کۆن و نوێیەکانی دیکە قەبارەی زیاد و کەم دەکات. گرنگترین گۆڕانکارییەکانی وەشانی watchOS 6.1، بریتییە لە زیادکردنی زیاتر لە 70 ئیمۆجی نوێ، زیادکردنی پشتگیری بۆ AirPods Pro، باشترکردنی توانا و پاتری، هەروەها باشترکردنی پاتری زنجیرەی پێنجەمی Apple Watch.
بۆ خاوەن زنجیرەی یەکەم و دووەمی Apple Watch، وەشانی watchOS 6.1 خاوەن ژمارەیەک ڕووکاری کاتژمێر و هەریەکە لە ئەپە نوێیەکانی Calculator و Voice Memos و Audiobooks ـە. هەروەها دەتوانرێت لەمەودوا لە ئەپی نوێی App Store ـی کاتژمێرە زیرەکەکەوە ڕاستەوخۆ ئەپەکان دابگیرێن.
چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشان لە watchOS:
- کردنەوەی ئەپی Watch لە ئایفۆنەکەت.
- کردنەوەی بەشی General.
- کردنەوەی بەشی Software Update.
- کرتە کردن لە Download & Insta.
تێبینی بۆ نوێکردنەوەی وەشان:
- پێویستە Apple Watch ـەکەت لەسەر بارگاویکردنەوە بێت.
- پێویستە ئایفۆن و Apple Watch ـەکەت نزیکی یەک ببن و لەسەر یەک هێڵی Wi-Fi ببن.
- پێویستە وزەی پاتری Apple Watch ـەکەت لە 50% زیاتر بێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.