10
ئەپڵ 11, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

دەنگۆ: ئەپڵ لە ساڵی 2022 ـدا یەکەمین چاویلکەی ڕاستی خەیاڵی (AR) ڕادەگەیەنێت

ئەپڵ لە پلانیدایە یەکەمین بەرهەمی ڕاستی خەیاڵی (Augmented Reality) لە ساڵی 2022 ـدا ڕابگەیەنێت، هەروەها ساڵێک دواتر جووت چاویلکەیەکی ڕاستی خەیاڵی بەردەست دەکات.

بۆ ماوەیەکی درێژە، دەنگۆی بەرهەمهێنانی بەرهەمی ڕاستی خەیاڵی لە لایەن ئەپڵەوە بوونی هەیە، لە هەمان کاتدا زۆرێک لە شارەزایانی جیهانی تەکنەلۆژیا پێشبینی ئەوە دەکەن لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا چاویلکە ڕاستییە خەیاڵییەکان جێگەی مۆبایلەکان بگرنەوە. پێگەی The Information زانیارییەکی نوێی لەسەر چاویلکە ڕاستییە خەیاڵییەکەی ئەپڵ ئاشکرا کردووە و کۆدی زانیارییەکە N301 ـە. لە زانیارییە دزەپێکراوەکەدا هاتووە کە ئەپڵ بەمنزیکانە چاویلکەیەکی ڕاستی خەیاڵی ڕادەگەیەنێت و دیزاینەکەی زۆر نزیک دەبێت لە چاویلکەی Oculus Quest کە لە مانگی 5 ـی ئەمساڵدا ڕاگەیاندرا.

بە پێی زانیاری پێگەکە بێت، چاویلکە ڕاستییە خەیاڵییەکەی ئەپڵ تایبەتمەندی گریمانەی خەیاڵی (Virtual reality) ـیش لەخۆ دەگرێت لە پاڵ ڕاستی خەیاڵی و چواردەورەکەی خاوەن بەرگێک دەبێت و کامێرای دەرەکی لەسەر چاویلکەکە بوونی دەبێت. هەروەها خاوەن ڕوونمایەکی جۆرایەتی بەرز دەبێت بۆ نیشاندانی زانیارییەکان و بنەماکانی جیهانی ڕاستەقینە. سەبارەت بە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی ئەو بەرهەمە، پێگەکە دەڵێت فەرمانبەرەکانی ئەپڵ بە کۆمپانیاکەیان ڕاگەیاندووە کە لە ساڵی 2021 ـدا گەشەپێدانی نەرمەکاڵای چاویلکە ڕاستییە خەیاڵییەکە دەست پێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت ساڵێک دواتر بەرهەمەکە ڕابگەیەندرێت.

لە ڕابردووشدا تیم کوک بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاندبوو کە هاوشێوەی تەلەفۆنە زیرەکەکان، چاویلکە ڕاستییە خەیاڵییەکانیش مامەڵەکی جیاواز و تایبەتی هەیە. بەم شێوەیە بۆ پێگەی The Independent لە ساڵی 2017 ـەدا دووا:

تەلەفۆنە زیرەکەکان بۆ هەمووانن، پێویست ناکات کە بیربکەینەوە ئایفۆن بۆ ژمارەیەک ناوچە یاخود وڵاتی دیاریکراوە، ئەوە شتێکە کە بۆ هەموو مرۆڤێکە. وا بیر دەکەمەوە کە چاویلکەی ڕاستی خەیاڵیش هەمان شت بێت.

هەروەها پێگەی The Information دەڵێت کە بەڕێوەبەری بەشێکی کۆمپانیای ئەپڵ بە پێگەکەی ڕاگەیاندووە کە کۆمپانیاکە وا بیر دەکاتەوە لە داهاتوودا چاویلکەی ڕاستی خەیاڵی جێگەی ئایفۆن بگرێتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ