10
ئەپڵ 9, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

6 یاری دیکە بۆ خزمەتگوزاری Apple Arcade زیادکران و ئێستا خزمەتگوزارییەکە خاوەن 100 یارییە

لە کاتی ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاری تایبەت بە یاریکردنی Apple Arcade لە لایەن ئەپڵەوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە خزمەتگوزارییەکە خاوەن زیاتر لە 100 یاری تایبەت دەبێت کە لە هیچ کام لە خزمەتگوزارییە هاوشێوەکانی دیکەدا ناتوانیت بەدەستیان بهێنیت. ئێستا بانگەشەکە پڕ بە پێستی خزمەتگوزارییەکە و خاوەن 100 یارییە.

دوێنێ (8-11) ئەپڵ 6 یاری نوێی بۆ خزمەتگوزاری لاوی Apple Arcade زیادکرد. یارییەکان بریتین لە Discolored و Guildlings و Sociable Soccer و UFO on Tape: First Contact و Takeshi & Hiroshi و Marble It Up: Mayhem!. بەم شێوەیەش، کۆی گشتی یارییەکانی نێو خزمەتگوزارییەکەی ئەپڵ گەیشت بە 100 دانە یاری لە iOS و tvOS و لە macOS ـیش 92 یاری.

لەو کاتەوەی لە ڕێکەوتی 19 ـی مانگی 9 خزمەتگوزارییەکە بەردەست کراوە، هەفتانە ئەپڵ ژمارەیەک یاری نوێی بۆ خزمەتگوزارییەکە زیادکردووە، بێگومان بە پێی کۆمپانیاکە بێت زیادکردنەکە بەردەوامی دەبێت.

نرخی بەژداریکردن لە خزمەتگوزاری Apple Arcade تەنها 4.99$ ـە بۆ هەر مانگێک. بەو بڕە پارەیە، دەتوانیت زیاتر لە 100 یاری سەرهێڵ و دەرهێڵ بەدەست بهێنیت بە هاوبەشی لە ئایفۆن، ئایپاد، ئایپۆد، ئەپڵ تیڤی یاخود ماکەکەت. هەر بۆیە ئەگەر هەوادارێکی یارییە ڤیدیۆییەکانیت، وا بیر ناکەینەوە ئەو نرخە گەلێک زۆر بێت لە ئاستی ئەو ژمارە یارییە زۆرەدا.

سەرچاوە MacRumors
بۆچونی تۆ